سەردێڕ:

وڵاتێکی عەرەبی بۆ یەکەمجار پشکنەرێک دەنێرێتە هەسارەی مەریخ

فۆتۆ: 
2020-07-13

6137 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی گەردونی ئیمارات دەستیکرد بە کارکردن بۆ ناردنی یەکەمین پشکنەر بۆ سەر هەسارەی مەریخ لەژێر ناوی "پشکنەری هیوا"، ئەمەش دەبێتە یەکەمین پشکنەر کە لەلایەن وڵاتێکی عەرەبییەوە بەرەو ئەو هەسارەیە بنێردرێت.

ئەمڕۆ میدیا عەرەبیەکان بڵاویانکردەوە، ئاژانسی گەردونی ئیمارات دەستیکردووە بە کارکردن بۆ ناردنی پشکنەری هیوا بۆ سەر هەسارەی مەریخ، بەمەش ئیمارات دەبێتە یەکێک لەو نۆ دەوڵەتەی هەوڵی پشکنینی ئەم هەسارەیەیان داوە.

لەو بارەیەشەوە، عیمران شەرەف بەڕێوەبەری پرۆژەی پشکنەری هیوا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "ئیمارات ژمارەیەک بەرنامەی هەیە بۆ پشکنینی گەردون، هیوای ئەوەش دەخوازین لە داهاتودا کەشتیوانی گەردونی بنێرینە مەریخ."

ئەوەشی ئاشکراکرد، "پشکنەری هیوا بۆ یەکەمجار وێنەیەکی بەرفراوانی وەرزە جیاوازەکانی مەریخ بۆ ماوەی دوو ساڵ لەسەر یەک پێشکەشی کۆمەڵەی زانست لە جیهاندا دەکات."

هاوکات، ئەم پشکنەرە سێ ئامرازی زانستی پشکنینی پلەی گەرمی مەریخی لەخۆ گرتووە، وەک چۆن پێوەری پلەکانی بەستن و بەهەڵمبوون و تەم لەخۆدەگرێت.

ئامانجی ئەم پشکنەرە پێشکەشکردنی وێنەیەکی بەرفراوانی کەشوهەوای هەسارەی مەریخ و رەخساندنی ڕێگای بەدیهێنانی داهێنانی زانستیە، ئەم پشکنەرە بەشێکە لە ئامانجێکی گەورەتر کە ئەویش دانانی جێپەنجەی مرۆڤایەتییە لەسەر مەریخ لەماوەی ١٠٠ ساڵی داهاتوودا.