سەردێڕ:

حوسییەکان: کێڵگەیەکی نەوتی سعودیەمان کردووەتە ئامانج

فۆتۆ: 
2020-07-13

3020 جار خوێندراوەتەوە

ململانێ و پێکدادانەکانی نێوان سعودیە و حوسییەکانی یەمەن بەردەوامە و لە نوێترین ڕووداویشدا وتەبێژی سەربازیی حوسییەکان ڕایگەیاند، کێڵگەیەکی نەوتیی سعودیەیان کردوەتە ئامانج.

بەڵام هاوپەیمانیی عەرەبیش بە سەرۆکایەتی سعودیە دەڵێت، چوار موشەک و شەش فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هەڵگری بۆمبی حوسییەکانیان تێکشکاندووە، کە ئاڕاستەی ئاسمانی سعودیە کرابوون.

شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان سعودیە و حوسیەکانی یەمەن بۆ ماوەی زیاتر له پێنج ساڵە بەردەوامی هەیه و لە نوێترین پێشهاتیشدا حوسییەکان رایانگەیاند، یەکەیەکی گەورەی نەوتییان لە باشوری شاری جیزان لە سعودیە کردووەتە ئامانج، بەڵام هاوپەیمانیی عەرەبی ڕایگەیاند، هەموو هێرشەکان تێکشکێندراون.

یەحیا ساریا، وتەبێژی سەربازیی حوسییەکان رایگەیاند، لە ڕێگای فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، سیستمی پاتریۆتی سعودیەیان لە ناوچەی خەمیس موشیت و یەکەیەکی نەوتیشیان لە ناوچەی پیشەسازی جیزان پێکاوە.

هاوکات هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتی سعودییە رایگەیاند، هێزی بەرگریی ئاسمانیی سعودیە چوار موشەک و شەش فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هەڵگری بۆمبیان تێکشکاندووە، کە لەلایەن حووسییەکانەوە ئاڕاستە کرابوون بۆ ئاسمانی سعودیە.

بەڵام هاوپەیمانیی عەرەبی ئاماژەی بە شوێنی تەقاندنەوەی موشەک و فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان نەکردووە، بەڵام ئاماژە بەوە کراوە کە هێرشەکان لە شاری سەنعا، پایتەختی یەمەن کە لەژێر کۆنترۆڵی حوسییەکانە، ئەنجامدراوە.

لەلایەکی دیکەوە، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە بەردەوامی هاوکارییەکانی ئێران لەگەڵ حوسییەکاندا بڵاوکردەوە و لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: ئەوان لەو باوەڕەدان کە هەناردەکردنی موشەکە بالستیکە کورتبڕەکان و کەرەستە جەنگییەکانی دیکە، لە دوای گەمارۆی چەک لەسەر ئێران لە ساڵی ٢٠١٥، لە ئێرانەوە بۆ یەمەن بەردەوامی هەبووە.

هەروەها ئەمریکا، ئیسرائیل و هاوپەیمانی عەرەبی، ئێرانیان بەوە تاوانبار کردووە، کە بە مەبەستی بەهێزکردنی میلیشیا حووسییەکانی یەمەن، مووشەک و چەکی سەربازیی بۆ یەمەن بەڕێ کردووە.

دەوڵەتی سعودیە لە ساڵی ٢٠١٥دا هاوپەیمانێتییەکی دژی حووسییەکان دروستکرد و خۆی سەرۆکایەتی دەکات، ئەوەش دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٤، حوسییەکان دەستیان بە جەنگ دژی حکومەتی یەمەن کرد، کە لەلایەن ریازەوە پشتگیریی دەکرێت.

هەروەها بەهۆی پشتیوانیەکانی سعودیە لە حکومەتی یەمەن، چەند جارێک لەلایەن حوسییەکانەوە هێرشکراوەتە سەر ناوچەکانی سعودییە کە نزیکن لە سنووری یەمەنەوە، سعودییەش لەڕێی فڕۆکە جەنگییەکانیەوە بۆردومانی حووسییەکان دەکات و بەو شێوەیەش زیاتر لە پێنج ساڵە ئەو ململانێ و پێکدادانە لەنێوان حوسییەکان و سعودیە بەردەوامە و دیاریش نییە کەی کۆتایی دێت.