سەردێڕ:

فرسەت سۆفی: وەرگرتنی ٥٠ ھەزار دینار بۆ پشکنین بۆ شارەکانی ھەرێم نییە

فۆتۆ: 
2020-07-13

10937 جار خوێندراوەتەوە

پارێزگاری ھەولێر ئاماژە بەوە دەکات، بڕیاری وەرگرتنی ٥٠ ھەزار دینارەکە بۆ پشکنین لە بازگەکاندا ھێشتا نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەگەر جێبەجێش بکرێت بۆ شارەکانی ھەرێمی کوردستان نییە.

فرسەت سۆفی پارێزگاری ھەولێر لەمیانەی بەشداریکردنی لەبەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند، وەرگرتنی ئەو پارەیە تەنھا بۆ ئەو کەسانەیە کە لە شارەکانی دیکەی عێراقەوە و لە بازگەکانی موسڵ و کەرکوکەوە دێنە ھەولێر.

راشیگەیاند، ئەگەر بڕیارەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنیشەوە ئاسنکاری بۆ خێزانەکان دەکرێت، بە جۆرێک ئەگەر خێزانێکی پێنج کەس بێتە ھەولێر پشکنینیان بۆ بکرێت لە بازگەکان ھەر ٥٠ ھەزاری لێوەردەگیرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر بڕیاری وەرگرتنی ٥٠ ھەزار دینار بۆ پشکنین بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان بەدەر دەکەن لەو بڕیارە.

فرسەت سۆفی باسی لەوەشکرد، دانانی میکانیزم بۆ پشکنین لە بازگەکان بۆ ئەوەیە توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ھەولێر فراوانتر نەبێت و پرۆسەی پشکنینەکانیش دەدرێت بە کۆمپانیایەک.

راشیگەیاند، بۆیە ئەم بڕیارەیانداوە چونکە ٩٠٪‏ی توشبووانی ئێستای ھەولێر بەھۆی ھاتنە ژوورەوەی ھاوڵاتییانی شارەکانی تری عێراقەوە بووە بۆ ناو ھەولێر، دەشڵێت، "لەماوەی رابردوودا ١٧ ھەزار پشکنینیان تەنھا لە بازگەکاندا کردووە."

ئەمڕۆ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، لەمەودوا لە هەموو بازگەکانی پارێزگای هەولێر پشکنین دادەنێن و پڕێک پارە، کە لە ٥٠ هەزار دینار زیاتر نەبێت لەو کەسانە دەسەنرێت کە لە شارەکانی دیکەی عێراقەوە جگە لە هەرێم، سەردانی ئەو پارێزگایە دەکەن.