سەردێڕ:

وەرگرتنی ٥٠ هەزار بۆ چوونە هەولێر کاردانەوەی لێکەوتەوە

فۆتۆ: 
2020-07-13

9333 جار خوێندراوەتەوە

قسەکانى فرسەت سۆفى پارێزگارى هەولێر لەبارەی ئەوەی هەر کەس بچێتە پایتەختەوە ٥٠ هەزار دیناری لێوەردەگیرێت، کاردانەوەی بەشێك لە ڕۆژنامەنووسان و پارێزەر و چاودێرانی سیاسی و هاوڵاتیانی لێکەوتەوە.

گەرچى پارێزگاى هەولێر ڕوونکردنەوەیەکى لەبارەى قسەکانى پارێزگارەوە بڵاوکردەوە، بەڵام ئەمەش ڕێگر نەبوو لە کاردانەوەى هاووڵاتیان، لەو بارەیەوە ڕۆژنامەنووس مەحمود یاسین کوردى نووسیویەتى، ئەگەر کۆڕۆنا لە هەولێر لە کۆنتڕۆڵ دەرچووە هەر وەکو بەرپرسانی ئیدارەی شارەکە باسی دەکەن دەبێ پارێزگاکانی دیکەی عێراق ڕێگا نەدەن هاوڵاتیانی هەولێر داخڵی شارەکانیان بن، کەچی بە پێچەوانەوە ئیدارەی هەولێر دەیەوێ بە زۆر پشکنین بە هەموو خەڵکی بکات کە لە شارەکانی دیکەوە دێن، ئەمە جگە لە زیان گەیاندن بە هاوڵاتیان و کەرتی گەشتیاری هیچی دیکە نییە.

هاوڵاتییەک بەناوى دلێر حاجى نوسیویەتى، جەنابی پارێزگاری هەولێر بۆ خۆمان ٥٠ هەزار دینار لە گیرفانماندایە تاوەکو ئەو پارەیە بدەین؟.

هەر دەربارەى ئەو بڕیارە، هیمداد شاهین ئەندامی ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەى نەوەی نوێ نوسیویەتی، بڕۆیت بۆ تورکیا ٤٠ هەزار دەدەیت بە ڤیزا، بۆ ئەردەن ٤٢ هەزار دینار و بۆ ئێران بەلاشە، بەڵام ئەگەر بچیت بۆ هەولێر، دەسەڵاتە ستەمکار و قەرەقوشییەکەی کوردیی ٥٠ هەزاردینارت لێوەردەگرێت.

دەشڵێت، "لێبخوڕن، تا تاریکستانی ئەو هەموو مەزڵومە یەخەتان پێدەگرێت و ئەوسا ئەو کونەشتان نییە تا وەک سەدام حوسەین خۆتانی تێدا بشارنەوە".

پارێزەرێکیش بەناوى داریان ڕزگار لەڕووى یاساییەوە لێکدانەوەى بۆ بڕیارەکە کردووە و نوسیویەتى، بە پێی یاسا دەبێت فرسەت سۆفی بدرێتە دادگا و لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت، چونکە دژی دەستووری عێڕاقی و یاسا مامەڵە دەکات.

ڕۆژنامەنووس ڕووناک رەفیقیش دەڵێت، ئەمە چ جۆرە پشکنینێکە بە چەند خولەکێک ئەنجامەکەی دەردەچێت؟ ئەی بۆ لە تاقیگەکان چەند ڕۆژێکی پێویستە بۆ دەرکەوتنی نەخۆشییەکە؟ ئافەرین پارتی ئەوەی بەرپرسانی سلێمانی بانگەشەیان بۆدەکرد لە پرسی لامەرکەزی تۆ بەبێ قڕە و ھەرا جێبەجێت کرد و نرخی ڤیزاشت بۆ چونە ناو ھەرێمی ھەولێر دیاریکرد.