سەردێڕ:

ئێران: خۆشحاڵبووین بە کردنەوەی ئایاسۆفیا بە ڕووی نوێژخوێناندا

فۆتۆ: 
2020-07-13

10709 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "ئەمە بابەتێکە لە چوارچێوەی سەروەری تورکیادایە" و دەشڵێت، "خۆشحاڵبووین بە کردنەوەی ئایاسۆفیا بە ڕووی نوێژخوێناندا."

عەباس موسەوی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "ئێمەش خۆشحاڵ بووین بە بیستنی هەواڵی کرانەوەی مزگەوتی ئایاسۆفیا بەڕووی نوێژخوێناندا کە بووەتە هۆی دڵخۆشی گەلی تورکیا و موسڵمانانی جیهان".

لەبارەی کاردانەوەی هەندێک لە وڵاتانی جیهان بەرامبەر بەو بڕیارەش ئەوەی خستەڕوو، "بڕیاردان لە بارەی ئایاسۆفیا پەیوەندی بە ناوخۆی تورکیاوە هەیە و ئەمە بابەتێکە کە دەبێت لە چوارچێوەی سەروەری تورکیا هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت."

دوای ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا بڕیاریدا ئایاسۆفیا لە مۆزەخانەوە بۆ مزگەوت بگۆڕێت، هەریەک لە ئەمریکا، یەکێتی ئەوروپا و رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕەخنەیان لە بڕیارەکە گرت.

ئایاسۆفیا پەرستگایەکی مێژووییە و ئەندازیارانی دەوڵەتی بیزەنتی دروستیانکردووە، لە سەردەمی گریکییەکاندا وەکو کڵێسایەکی ئۆرسەدۆکس و لە سەردەمی ڕۆمانییەکاندا وەکو کڵێسایەکی کاسۆلیک و لە سەردەمی عوسمانییەکانیشدا وەکو مزگەوت و دواتر لە سەردەمی تورکیای مۆدێرندا، وەکو مۆزەخانە بەکارهاتووە.