سەردێڕ:

نێردەی نەتەوە يەکگرتووەکان: پێویستە لە عێراقدا هەڵبژاردنێکی پاک بەڕێوەبچێت

فۆتۆ: 
2020-07-13

1766 جار خوێندراوەتەوە

نێردەی تايبەتی نەتەوە يەکگرتووەکان بۆ کاروباری عێراق ڕايگەياند، پێویستە هەڵبژاردنێکی پاک لە عێراق بەڕێوەبچێت، دەشڵێت، پشتيوانی دانوستانی نێوان کازمی و ئەمريکا دەکەن.

جنين بلاسخارت نێردەی تايبەتی نەتەوە يەکگرتووەکان بۆ کاروباری عێراق ڕايگەياند، پشتگیری لە دانوستانە ستراتیژییەکانی نێوان حکومەتی کازمی و ئەمریکا و هەر دانوستانی دیکە دەکەن، کە رۆڵی هەبێت لە سەقامگیربونی ئاسایشی عێراق.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە ئامادەکاری بکرێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و شەفاف بۆ گەڕانەوەی متمانەی عێراقییەکان بە دەسەڵات، دەشڵێت، پێویستە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، ئەو هەڵبژاردنانە بپارێزرێت لە هەر دەستوەردانێکی سیاسی.

بلاسخارت باسی لەوەش کرد، پشتگیری لە هەوڵەکانی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەن، لە بەرەنگاربوونەوەی پاشماوەکانی تیرۆر و رێکخراوی داعش لە وڵاتەکە.

وتيشی، عێراق ڕوبەڕوی چەندين قەيرانی کۆمەڵايەتی و سياسی و ئەمنی و ئابوری و تەندروستی بووەتەوە و پێويستی بە پشتگيرييە بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخەی تێی کەوتووە.