سەردێڕ:

دۆسیەی کوشتنی منداڵێکی کورد دەبرێتە دادگای باڵای تورکيا

فۆتۆ: 
2020-07-13

3099 جار خوێندراوەتەوە

دۆسیەی کوشتنی منداڵێکی کورد بە تۆمەتی ئەندامبوون لە ڕێکخستنە چەکدارييەکاندا، دەبرێتە دادگای باڵای تورکیا.

 لە ڕاپۆرتێکی دەنگی ئەمريکادا ئاماژە بەوەکراوە، منداڵێکی تەمەن ١٣ ساڵ بە ناوی فاتمە ئەلئارسەلان، لە میانەی شەڕی خەندەقەکان لە شارۆچکەی هەزەخا لە ناوچەی شرناخ کوژراوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، تورکیا باس لەوەدەکات، فاتمە ئەندامی ڕێکخستنە چەکدارییەکانە، بۆیە داواکاریی گشتی بەهۆی ئەو بانگەشەیەوە لێکۆڵینەوەکانی ڕاگرتووە و دەڵێت، پێویست بە کردنەوەی دۆسيە ناکات.

ڕاشيگەياند، دادگای شرناخ ڕێگەی بە گوێگرتن لە گەواهیدانی کەسێکی نەناسراو داوە کە دەڵێت، "فاتمە شەڕڤان بووە"، بەڵام باوکی فاتمە دژی ئەو بانگەشەیەیە و ئەوەی خستووەتەڕوو، کچەکەی هێشتا منداڵێکی بچوک بووە، کە بۆ ياريکردن گرياوە.

هاوکات، فەیسەڵ ڤەسەک پارێزەری خێزانی فاتمە ئەوەی روونکردووەتەوە، لەهەمانکاتدا مناڵێکی تر هەر لە تەمەنی فاتمە لە خەندەقەکان هەڵات و ڕزگاری بوو و دادگا ئەوی تۆمەتبار نەکرد، دەشڵێت، "ئەگەر فاتمەش نەکوژرایە سزا نەدەدرا، بەڵام چونکە کوژراوە، دەیانەوێت وەکو تیرۆرست بیناسێنن."

ساڵی ٢٠١٥ سوپای تورکیا هێرشێکی فراوانی کردە سەر شرناخ و ناوچەی سوری ئامەد و بەوهۆیەوە جگە لە کوژرانی دەیان کەس، بەشێکی زۆری ناوچەکانیش وێرانبوون.