سەردێڕ:

پەروەردە لەبارەی بڵاوکردنەوەی وەڵامی پرسیارەکانەوە روونکردنەوە دەدات

فۆتۆ: 
2020-07-13

14497 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی پەروەردەی هەرێم رایگەیاند، لە دوای هەر بابەتێکی ئەزموونە گشتییەکانی قۆناغی ئامادەیی، لەلایەن لیژنەیەکی پسپۆڕ وەڵامی نمونەیی بۆ پرسیارەکان دادەنرێت و دواتر لە کۆتا رۆژی تاقیکردنەوە گشتییەکاندا، ئەو وەڵامانە پلەی بنبڕ وەردەگرن.

ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی پەروەردەی هەرێم روونکردنەوەیەکی لەبارەی وەڵامی پرسیاری ئەزموونە گشتییەکان بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "ئاگادارتان دەکەینەوە کە لە دوای هەر بابەتێکی ئەزموونە گشتییەکانی قۆناغی ئامادەیی ساڵی خوێندنی (٢٠١٩-٢٠٢٠)، لەلایەن لیژنەیەکی پسپۆڕ (کە نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەدەکانن) وەڵامی نمونەیی بۆ پرسیارەکان دادەنرێت."

ئاماژەی بەوەشكردووە، "ئەم وەڵامانە بە وەڵامی بەرایی هەژماردەکرێن و دوای راوێژی زیاتر و وەرگرتنی سەرنج و تێبینی کەسانی شارەزا لە بابەتەکان و لە کۆتا رۆژی تاقیکردنەوە گشتییەکاندا، ئەم وەڵامانە پلەی بنبڕ وەردەگرن و دەبنە بنەمایەک بۆ پشکنینی سۆماکان و پرۆسەی پشکینی سۆماکان لە بەرژەوەندی قوتابیان و خوێندکاران یەکلایی دەکرێتەوە و مافی هیچ قوتابی و خوێندکارێک نافەوتێ."

ئەوەش لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ وەزارەتی پەروەردە رایگەیاندبوو، پشووی سبەینێ سێشەممە، تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی ناگرێتەوە و تاقیکردنەوەکان لە کاتی خۆیاندا دەکرێن.