سەردێڕ:

​ئەم وڵاتانە نرخى بەدەستهێنانى پاسپۆرت و رەگەزنامەیان داشکاند

فۆتۆ: 
2020-07-13

47734 جار خوێندراوەتەوە

بەشێک لەو وڵاتانەى کە رەگەزنامەو پاسپۆرتى خۆیان بەپارە یان بە خستنەگەڕى پارە لەوڵاتەکانیاندا دەبەخشنە کەسانى بێگانە، داشکاندن لەنرخى پێدانى پاسپۆرت و رەگەزنامەدا دەکەن.

سایتى بلومبێرگ بڵاویکردەوە، هەردوو دوورگەى (سانت کیتس) و (نیفیس) لە دەریاى کاریبى، کە دوو دوورگەى سەقامگیرن و ژمارەى دانیشتوانیان ٥٣هەزار کەسە، داشکاندنیان لە بڕى ئەو پارەیەدا کردووە کە پێشتر بۆ هەرکەسێکى بێگانە دیاریان کردبوو تا رەگەزنامەو پاسپۆرتى پێ ببەخشن، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ زیاتر راکێشانى خەڵکى بێگانەو کۆنترۆڵکردنى کێشە داراییەکانیان.

ئەو دوو دورگەیە ئۆفەرێکیان بۆ ئەوانە دیاریکردووە کە دەیانەوێت رەگەزنامەو پاسپۆرت بەدەست بێنن، کە تاکۆتایى ئەمساڵ دەتوانن بەبڕى ١٥٠هەزار دۆلار ببنە خاوەنى، ئەم بڕە پارەیەش رەگەزنامەو پاسپۆرتى خێزانێکى چوار کەسى دەگرێتەوەو بەپێى ئەو نرخە نوێیەش دوورگەکان بەڕێژەى ٢٣% داشکاندنیان کردووە، چونکە نرخى پێشتر بەدەستهێنانى رەگەزنامەو پاسپۆرت ١٩٥هەزار دۆلار بوو.

بەپێى سایتى بلومبێرگ، هەندێک دوورگەى تر هەن لەو ناوچەیە، لەداهاتوودا ئۆفەرى هەرزانتر دەخەنەڕوو، لەنێو ئەوانەشدا (دۆمینیکا، ئەنتیگوا، بەربۆدا)، کە رەنگە نرخى بەدەستهێنانى رەگەزنامەو پاسپۆرت لەم دورگانە دابەزێت بۆ بڕى ١٠٠هەزار دۆلار.