سەردێڕ:

لیژنەی باڵای روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد

فۆتۆ: 
2020-07-13

31499 جار خوێندراوەتەوە

لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا رایگەیاند، قەدەغەی هاتوچۆی نێوان پارێزگاکان درێژدەکرێتەوە، دەشڵێت، " گەشتە ئاسمانییەکان تاوەکو٢٢ی ئەم مانگە ڕادەگیرێن."

ئەمڕۆ دووشەممە، لەدوای کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کۆمەڵێک بڕیاری نوێ دەرکرا.

 

دەقی بڕیارەکان:

١. بەردەوامبوونی هەردوو وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆ  لە دەرکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنمایی تەندروستی پێویست بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و سەپاندنی بەکارهێنانی ماسک و دەستەوانە و تێکەڵاونەبوون لە شوێنە گشتییەکان و وەزارەت و فەرمانگە حکومییەکان و بەداواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی پێشتر لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەرچوون و سزادانی سەرپێچیکاران.

٢. بەردەوامبوونی قەدەغەی هاتوچۆ لە نێوان شارەکان و لە نێوان پارێزگاکان لەو کاتانەی کە لە لایەن ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگاکانەوە ڕاگەیەندراوە و درێژەدان بە داخستنی شوێنە گشتییەکان.

٣. گەشتە ئاسمانییەکان هەتا ٢٢ی ئەم مانگە ڕادەگیرێن و دواتر بە   هەماهەنگیکردن لەگەڵ حکومەتی فیدرالی بڕیاری پێویستی لە بارەوە دەدرێت بە لە بەرچاوگرتنی ڕێکار و ڕێنماییە تەندروستییەکان.

٤. وەزارەتی ڕۆشنبیریی و لاوان و فەرمانگەی میدیا و زانیاریی لە چوارچێوەی بڕیار و ڕینماییەکانی وەزارەتی تەندروستی، ڕاسپێردران بۆ بەردەوامبوون و برەودان بە هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان بۆ پابەندبوون بە ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی بە هاوکاری و هەماهەنگیی لەگەڵ دەزگاکانی ڕاگەیاندنی هەرێمی کوردستان.