سەردێڕ:

نرخی تمەنی ئێرانی نزمترین ئاستی لە بەرامبەر دۆلاردا تۆمارکرد

فۆتۆ: 
2020-07-13

52759 جار خوێندراوەتەوە

 نرخی تمەنی ئێرانی نزمترین ئاستی لە بەرامبەر دۆلاردا تۆمارکرد و لە ئێستادا، نرخی ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی، دوو ملیۆن و دوو سەد هەزار تمەنی ئەو وڵاتە.

ئەمڕۆ دووشەممە، ١٣ی تەمووزی ٢٠٢٠، بەهۆی بەردەوامی قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بەردەوامی سزاکانی ئەمریکا، بەهای تمەنی ئێرانی بۆ نزمترین ئاستی لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا دابەزی و لە ئێستادا یەک دۆلار بەرامبەرە بە ٢٢ هەزار تمەنی ئێرانی.

دابەزینی بەهای تەمەنی ئێرانی لەکاتێکدایە، لە ساڵی ٢٠١٥دا و لە سەروبەندی رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران و وڵاتانی دیکە، نرخی ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە ٣٢٠ هەزار تمەنی ئەو وڵاتە بوو.

دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران لە ساڵی ٢٠١٨دا، ترەمپ بەردەوامە لە سزادانی ئێران و فشارخستنە سەر ئەو وڵاتە و بەو هۆیەوە رۆژ بە رۆژ ئابوری ئەو وڵاتە تووشی داڕمان دەبێت.

سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران زیاتر لایەنی نەوتیی گرتووەتەوە بەجۆرێک ئەو وڵاتە زۆر بە زەحمەت دەتوانێت نەوت بفرۆشێت.

پێشتر، ئیسحاق جەهانگیری، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئێران رایگەیاند، کە لە ساڵی ٢٠١١دا ١٠٠ ملیار دۆلاریان بە فرۆشتنی نەوت دەستدەکەوت، بەڵام لە ئێستادا تەنیا هەشت ملیار دۆلاریان دەستدەکەوێت.