سەردێڕ:

ئەردۆغان: گۆڕینی ئایاسۆفیا بۆ مزگه‌وت بڕيارێکی ناوخۆييە

فۆتۆ: 
2020-07-13

14982 جار خوێندراوەتەوە

سه‌رۆكی توركیا رایگه‌یاند، بڕیاری گۆڕینی ئایاسۆفیا بۆ مزگه‌وت بڕیارێكی ناوخۆیی توركیایه‌ و پێویسته‌ وڵاتان رێز لەو بڕيارە بگرن.

رەجەب تەيب ئەردۆغان سەرۆکی تورکيا ڕايگەياند،  بڕياری کۆتایی سەبارەت بە ئايا سۆفيا لە دەستی نەتەوەی تورکدايە، نەک نەتەوەکانی ديکە و ئەوە کاروباری ناوخۆی ئەو وڵاتەيە و پێويستە وڵاتانی ديکە ڕێزی لێ بگرن.

ئاماژەی بەوەشکرد، گۆڕینی مزگه‌وتی ئایاسۆفیا له‌ ساڵی ١٩٣٤ بۆ مۆزه‌خانه‌ بڕیارێك بوو ئازاری گه‌لی توركیای دا، هەربۆيەش پێويستە ئێستا ئەو شوێنە ناسنامەی راستەقينەی خۆی بۆ بگەڕێنرێتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدايە، بە بڕيارێکی ئەردۆغان لە ٢٤ی ئەم مانگەوە، ئايا سۆفيا بە ڕوی موسوڵماناندا دەکرێتەوە، ئەم بڕيارەش ناڕەزای هەريەک لە يۆنان و يەکێتی ئەوروپا و ئەمريکای لێکەوتووەتەوە.

ئایاسۆفیا کڵێسایەکی کۆنی ئاینی مەسیحییەتە، کە لە دوای داگیرکردنی ئەستەنبوڵ لەلایەن ئیمپراتۆریەتی عوسمانی کرا بە مزگەوت، بەڵام دوای روخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و لە ساڵی ١٩٣٥ەوە ئەو شوێنە وەکو مۆزەخانە بەکاردێت.