سەردێڕ:

میدیاکان: ئەمریکا داوای لە ئێران کردووە تۆڵەی سولەیمانی نەکاتەوە

فۆتۆ: 
2020-07-13

18830 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپەری زە ئورشەلیم پۆستی ئیسرائیلى بڵاوی کردووەتەوە، ئەمریکا لە ڕێگەی باڵیۆزی سویسراوە، نامەیەکی بۆ ئێران ناردووە و داوای لێکردووە، کە وەڵامی کوشتنی قاسم سولەیمانی نەداتەوە.

ماڵپەرەکە باسی لەوە کردووە، کە واشنتۆن لە تاران پاڕاوەتەوە، هیچ تۆڵەکردنەوەیەک نەکاتەوە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بەرامبەر کوشتنی سولەیمانی و هاوڕێکانی.

بەپێی هەواڵەکە، کە دوێنێ بڵاوکراوەتەوە، ئەمریکا لە ڕێگەی باڵیۆزی سویسراوە نامەیەکی بۆ بەرپرسانی ئێران ناردووە و داوای لێکردوون تۆڵەی سولەیمانی نەکەنەوە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، بەڵام ئێران دەستبەجێ ئەو داوایەی ئەمریکای ڕەتکردووەتەوە.

هاوکات، بەرپرسانی ئێران ئاماژەیان بۆ نوێترین ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، کە کوشتنی سولەیمانی بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان ناوبردووە.

رۆژی ٣ی مانگی یەکی ئەمساڵ، ئەمریکا لە ڕێگەی فرۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە لە بەغدا، قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆکی حەشدی شەعبی کردە ئامانج و لە هێرشەکەدا لەگەڵ چەند چەکدارێکدا کوژران.