سەردێڕ:

لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا لە گەرمیان کەسێک گیانیلەدەستدا

فۆتۆ: 
2020-07-12

13699 جار خوێندراوەتەوە

پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا لە کەلار، ئۆتۆمبێلێک لە ژنێکی داوە و بەهۆیەوە گیانیلەدەستداوە.

پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، "ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، لە گوندی گردەگۆزینە سەر بە قەزای کەلار ئۆتۆمبێلێک لەجۆری نیسان سەنی، لە هاوڵاتییەک دەدات کە لە ڕەگەزی مێیە و ناوی نەزمیە احمد محمدە و لە دایکبووی ١٩٧١."

ئاماژەی بەوەشكردووە، "پاش گەیاندنی بە بەشی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار و چارەسەری خێرا، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی کرا و پاش گەیاندنی بە نەخۆشخانەی سلێمانی گیانیلەدەستدا."

باسی لەوەشکردووە، "لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی ٢٤ی هاتوچۆ شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە بەندکراوە."

لە ماوەی ڕابردوودا، وته‌بێژی هاتوچۆی هه‌رێم رایگەیاند، "له ‌ساڵی ٢٠١٩ دا زیاتر له‌ چوار هه‌زار ‌و ٤٠٠ ڕووداوی هاتوچۆ له ‌هه‌رێمی كوردستاندا ڕوویانداوە و به‌هۆیانه‌وه‌ ٥٧٥ كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه و زیاتر له ‌شه‌ش هه‌زار ‌و ٨٠٠ كه‌سیش برینداربوون."