سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. هاوڵاتیانی گەڕەکێک لەسەر ئەرکی خۆیان پرۆژەی خزمەتگوزاری دەکەن

فۆتۆ: 
2020-07-12

8081 جار خوێندراوەتەوە

بەشێک لە هاوڵاتیانی گەڕەکێکی سلێمانی لەسەر ئەرکی خۆیان پرۆژەی خزمەتگوزاری بۆ گەڕەکەکەیان دەکەن و دەڵێن، هەرچەند ئەوە ئەرکی حکومەتە بەڵام خۆیان لە ناچاریدا جێبەجێی دەکەن.

تا ئێستا بەشێک لە گەڕەکەکانی سلێمانی پرۆژە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیان پێ نەگەیشتووە و شارەوانی سلێمانیش دەڵێت لە ساڵی ٢٠٢٠دا هیچ پرۆژەیەکی خزمەتگوزارییان لە گەڕەکەکانى شارەکەدا جێبەجێ نەکردووە.

گەڕەکی قولەرەیسییە کە نزیکەى ١٠ ساڵە دروستکراوە، بەوتەی دانیشتوانەکەی تا ئێستا گرفتەکانی ئاو،کارەبا و رێگاوبانی گەڕەکەکە چارەسەر نەکراوە

هەر ماڵێک لە گەڕەکەکە کە بەشداری پرۆژەکەی کردووە بری ٢٠٠ هەزار دیناری داوە و ٦٠ ماڵ لێى سودمەند دەبن، هاوڵاتیان ئەوە بە ئیشی حکومەت دەزانن، بەڵام لە ناچاریدا خۆیان دەستیان پێیکردووە

ئاوەڕۆی گەڕەکەکە نزیکەی یەک کم درێژییەکەیەتی و بە بۆری ١٣ ئینجی ستاندارد دروستدەکرێت

نزیکەی دوو هەفتەیە دەستیان پێیکردووە و بڕیارە لەماوەی سێ رۆژی داهاتوودا تەواو بکرێت

بەکر تەیب بەرپرسى پرۆژەکان لە شارەوانى سلێمانى دەڵێت، لە ساڵی ٢٠٢٠ دا هیچ پرۆژەیەکی خزمەتگوزاری جێبەجێنەکراوە، لەسەر ئەو پرۆژانەش کە هاوڵاتیان خۆیان دروستی دەکەن ئەو بەرپرسە دەڵێت ئەوان سەرپەرشتی ناکەن و کەس ئەوانی ئاگادار نەکردووەتەوە.

بە بیانووی قەیرانی دارایی، چەندان ساڵە حکومەتی هەرێم لەپاڵ ئەوەی موچەی فەرمانبەران لە کاتی خۆیدا نادات و هەندێکیشی لێ پاشکەوتکردوون، پرۆژە خزمەتگوزارییەکانیشی راگرتووە و بەو هۆیەشەوە بەشێک لەگەڕەکەکان رووبەڕووی ئاستەنگی زۆر دەبنەوە.