سەردێڕ:

بەرپرسێکی باڵای داعش لە موسڵ دەستگیرکرا

فۆتۆ: 
2020-07-12

2646 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی هەواڵگریی عێراق رایگەیاند، سێ چەکداری داعشیان لە موسڵ و ئەنبار دەستگیرکردووە، کە یەکێکیان بەرپرسی كارگێڕی ویلایەتی موسڵ بووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، ئاژانسی هەواڵگریی عێراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، هێزەكانیان لە میانی ئۆپەراسیۆنێكدا، بەرپرسی كارگێڕی ویلایەتی موسڵی سەر بە داعشیان لە ناوچەی میساق لە بەشی چەپی موسڵ دەستگیركردووە.

ئەوەش هاتووە، دوای وەرگرتنی وتەكانی، بە مەبەستی تەواوكردنی لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا رەوانەی لایەنی دادوەریی كراوە.

لەلایەکی دیکەوە، لە راگەیەندراوێكدا هۆبەی هەواڵگریی سەر بە فیرقەی هەشتی سوپای عێراق بڵاویکردەوە، دوو چەکداری داعشیان لە ناوچەی نەهزەی سەر بە قەزای قائم لە رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار دەستگیركردووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، دەستگیركراوەكان بەپێی ماددەی چوار لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا، داواكراوبوون و لە میانی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی پارێزگای ئەنبار بەشدارییان لە شەڕەكانی دژ بە هێزە عێراقییەکاندا كردووە.