سەردێڕ:

خامنەیی ناڕاستەوخۆ دژی لێپرسینەوەی پەرلەمان لە حەسەن رۆحانی وەستایەوە

فۆتۆ: 
2020-07-12

2349 جار خوێندراوەتەوە

رابەری باڵای ئاینی ئێران لە وتەیەکدا لەگەڵ ئەندامانی پەرلەمانی وڵاتەکەیدا، ناڕاستەوخۆ دژایەتی خۆی بۆ لێپرسینەوەی ئەو دامەزراوەیە لە سەرۆک کۆمار راگەیاند.

عەلی خامنەیی لە ڤیدیۆ کۆنفڕانسێکدا لەگەڵ پەرلەمانتاران داوای لێکردن هاوکاری دەسەڵاتی جێبەجێکار بکەن، وێڕای بەردەوامیان لە چاودێریکردنی کارەکانی حکومەت، بەڵام خۆیان لە ناکۆکی لەگەڵ ئەو دامەزراوەیە بەدوور بگرن.

ئاماژەی بەوەشکرد، بانگهێشتکردنی وەزیرەکان کارێکی بەجێیە، بەڵام هەرجۆرە تۆمەتبارکردن و سوکایەتی کردنێک بە وەزیرەکان حەرام و ناشەرعیە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بە بانگهێشت کردنی محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ پەرلەمان دادەنرێت، کە لە دانیشتنەکەدا چەند پەرلەمانتارێک ئەو وەزیرەیان بە درۆزن ناو بردبوو.

رابەری باڵای ئایینی ئێران بە ئاماژەدان بە دۆخی دارایی وڵاتەکەی و کێشەکانی بژێوی هاوڵاتیان و بێکاری و داتەپینی بەهای دراوی نیشتمانی ئەوەی خستەڕوو، ئابوری وڵاتەکەی توشی نەخۆشی بووە و دەبێت پەرلەمان و حکومەت و دامەزراوەکانی تر پێکەوە کار بۆ چارەسەری ئەو نەخۆشیە بکەن.

باسی لەوەشکرد، هەرجۆرە ناکۆکی و گرژییەک لە ئاستی باڵای دامەزراوەکانی دەوڵەتدا کاریگەری نەرێنی لەسەر رای گشتی دادەنێت و جەختی لەوەشکردەوە، "لە کۆتا ساڵی خولی دووەمی کابینەی ئێستادا پێویستە پەرلەمان هاوکاری حکومەت بێت."

ئەم قسانەی عەلی خامنەیی بە دژایەتیکردنی ناراستەوخۆی هەوڵی پەرلەمانتاران بۆ لێپرسینەوە لە حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆمار دادەنرێت، کە لە رۆژانی رابردوودا ١٣٠ واژۆی پەرلەمانتاران بۆ ئەو مەبەستە رادەستی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرابوون.