سەردێڕ:

مەسرور بارزانی: پێویستە چاکسازییەکانی وەزارەتى پێشمەرگە جێبەجێبکرێت

فۆتۆ: 
2020-07-12

21707 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی بە چاکسازیی لە وەزارەتی پێشمەرگە کرد و بڕیار درا، بەپێی پلانێکی زەمەنی ھەموو ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە چاکسازیی جیبەجێ بکرێن.

کۆبوونەوەکە بە بەشداری شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە و جەمال ئێمینکی سوپاسالاری پێشمەرگە و جەبار یاوەر ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە و چەند بەرپرسێکی دیکەی سەربازیی بەڕێوەچوو.

بەپێی ھەواڵێکی نووسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری پێشمەرگە باسی لە ھەنگاوەکانی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی چاکسازیی لە وەزارەتی پێشمەرگە و پێداویستییەکانی جێبەجێکردن و سەرخستنی پرۆسەکە کردووە.

ئەوەش هاتووە، دوای گفتوگۆ لەسەر تەوەرەکانی پەیوەست بە چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە لەلایەن ئاماد‌ەبووان، بڕیاردرا بەپێی پلانێکی زەمەنی ھەموو ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە چاکسازی جیبەجێ بکرێن لە بوارەکانی یەکخستن و رێکخستنی یەکە ژمێریاریەکان و رێکخستنی ھەیکەلیەت و میلاکی وەزارەت و پلەی سەربازیی و بابەتەکانی خانەنشینی و دۆسیەی شەھیدان و کەم ئەندامان بەپێی یاسای چاکسازیی و پرۆژەی ھاوبەشی ھاوپەیمانان و وەزارەتی پێشمەرگە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، پێشتر لە کاتى شەڕى داعشدا لەسەر داواکاریى هێزەکانى هاوپەیمانان وەزارەتى پێشمەرگە پرۆسەیەکى چاکسازى راگەیاند.