سەردێڕ:

وەزیری دەرەوەی عێراق داوایەک لە ئەڵمانیا دەکات

فۆتۆ: 
2020-07-12

16907 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، "جارێكی دیکە داوا دەكەم، عێراق لەنێو لیستی وڵاتە زۆر مەترسیدارەكان سەبارەت بە سپیكردنەوەی پارە و پارەداركردنی تیرۆر، دەربهێندرێت".

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاوی كردەوە، فوئاد حسێن پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ هێیكۆ ماس وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەنجامداوە و لە میانیدا ژمارەیەك بابەتی گرنگ تاوتوێكراون لەوانە چۆنیەتی پتەوتركردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵات.

باس لەوەشکراوە، فوئاد حسێن پەرۆشی وڵاتەكەی بۆ پتەوتركردنی هاوكارییە دووقۆڵییەكان لەسەرجەم بوارەكاندا لەگەڵ بەرلین نیشانداوە و جارێكی دیكە داوای كردووە كە عێراق لەنێو لیستی وڵاتە زۆر مەترسیدارەكان سەبارەت بە سپیكردنەوەی پارە و پارەداركردنی تیرۆر، دەربهێندرێت.

هێیكۆ ماس ئاشكراشی كردووە، "ئەڵمانیا هەفتەی داهاتوو سەرۆكایەتی كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا دەكات و هەوڵی زیاتر بە ئامانجی چارەسەركردنی پرسی دەرهێنانی عێراق لەنێو لیستی وڵاتە زۆر مەترسیدارەكان سەبارەت بە سپیكردنەوەی پارە و پارەداركردنی تیرۆر، دەخاتەگەڕ"، راشیگەیاندووە، "كۆمپانیاكانی ئەڵمانیا خواستیان هەیە بۆ كاری وەبەرهێنان روو لە عێراق بكەن."

لە ماوەكانی رابردوودا، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، هانی وەزیرانی دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپای دابوو ئەوە رەتبكەنەوە، عێراق بخرێتە نێو لیستی وڵاتە زۆر مەترسیدارەكان سەبارەت بە سپیكردنەوەی پارە و پارەداركردنی تیرۆر.

پێشتر كۆمەڵەی كاری دارایی (FATF) لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەکردبوو، رێوشوێنی توند و بەهێز تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی سپیكردنەوەی پارە و پارەداركردنی تیرۆر (AML/CFT) لە عێراق گیراوەتەبەر.