سەردێڕ:

کارەبای سلێمانی: پرۆژەی جۆزەی ١٦ بۆ ٢٠ ئەمپێری کۆتایی هاتووە

فۆتۆ: 
2020-07-12

27728 جار خوێندراوەتەوە

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتیی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، بەرنامەی پێدانی کارەبا لە رێگەی جۆزەی ١٦ بۆ ٢٠ ئەمپێری نەماوە و هه‌موو پارێزگای سلێمانی به‌رنامه‌ی دابه‌شكردنى كاره‌بای بۆ هاوڵاتیان وه‌ك یه‌ك ده‌بێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتیی کارەبای سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، کە بەرنامەی پێدانی کارەبا لە رێگەی جۆزەی ١٦ بۆ ٢٠ ئەمپێری نەماوە و ئیداره‌كانیش سه‌رپشككراون، به‌مانه‌وه‌ یاخود لابردنى جۆزه‌كان.

هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ پێشتر جۆزه‌ی (١٦-٢٠) ئه‌مپێری بۆ دانراوه‌، له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی پرۆژه‌ى دانانى (پێوه‌ری زیره‌ك) له‌ رێگه‌ی پارێزگاره‌وه‌ گشتاندن بۆ هه‌موو یه‌كه‌ ئیدارییه‌كان كراوه‌ بۆ كاری پێویست به‌وه‌ی كه‌ به‌رنامه‌ی دیاریكراو بۆ جۆزه‌كان نه‌ماوه‌ و هه‌موو پارێزگای سلێمانی به‌رنامه‌ی دابه‌شكردنى كاره‌بای بۆ هاوڵاتیان وه‌ك یه‌ك ده‌بێت، ئیداره‌كانیش سه‌رپشككراون، به‌مانه‌وه‌ یاخود لابردنى جۆزه‌كان."

باس لەوەشکراوە، "له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌ماوه‌ی رابردوودا ئه‌و (جۆزانه‌) توانیویانه‌ هاوكارێكی باش بن بۆ پاراستنی گۆڕه‌ره‌ (محا‌ویله‌)كان و فیده‌ره‌كانمان و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی كاره‌با و سودیان بۆ ئه‌و سنوورانه هه‌بووه ‌و له‌وكاته‌دا كاره‌بای باشتریان وه‌رگرتووه‌، به‌ڵام به‌هۆی ده‌ستكارییكردن و سه‌رپێچیه‌كی زۆره‌وه‌، گه‌ڕاندنه‌وه‌ی كاره‌با له‌ماوه‌ی رابردوودا زۆر كه‌متر بووه‌ به‌ به‌راورد به‌ساڵانی پێشووتر."

دەشڵێت، "هه‌روه‌ك پلانی سه‌ره‌تای دانانى جۆزه‌كان، له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی پرۆژه‌ی (پێوه‌ری زیره‌ك) ئه‌م پرۆژه‌یه‌ (دانانى جۆزه‌) كۆتایی دێت."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە گشتاندن كراوه‌ بۆ یه‌كه‌ ئیداره‌كان و‌ سه‌رپشككراون به‌هێشتنه‌وه‌ یاخود لابردنى جۆزه‌كان، باشتروایه‌ جۆزه‌كان له‌سیستمه‌كه‌دا بمێنێته‌وه‌ بۆ پاراستنی محاویله ‌و تۆڕه‌كانى كاره‌با، ئێمه‌ش به‌پێی توانا هه‌وڵ ده‌ده‌ین هاوكاری ئه‌و ناوچانه‌ بكه‌ین به‌پێدانی به‌رنامه‌یه‌كی باشتر."

ئەوەش هاتووە، "وه‌رزی هاوینی ئه‌مساڵ، به ‌به‌راورد به‌هاوینی ساڵانی رابردوو پێدانی كاره‌با باشتر بووه‌."

وابڕیاربوو پرۆژەی پێدانی کارەبای زیاتر و بەستنی جۆزەی ١٦ بۆ ٢٠ ئەمپێری لە زۆرێک لە ناوچەکانی پارێزگای سلێمانیدا بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام ئەو پرۆژەیە راگیراوە و کۆتاییپێهاتووە.

له‌گه‌ڵ هاتنی وه‌رزی هاوین و به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌كانی گه‌رما و به‌رزبوونه‌وه‌ی خواستنی به‌كارهێنانی كاره‌با، ساڵانه‌ به ‌به‌راورد به‌ وه‌رزی به‌هار و پایز، هاوشێوه‌ی وه‌رزى زستان، كاته‌كانی پێدانی كاره‌بای نیشتمانی كه‌مده‌بێته‌وه‌.