سەردێڕ:

روسیا مژدەیەکی نوێی لەبارەی ڤاکسینی کۆرۆناوە راگەیاند

فۆتۆ: 
2020-07-12

24436 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری پەیمانگای پزیشکیی بایۆتەکنەلۆژی روسیا رایگەیاند، قۆناغى تاقیکردنەوەی ڤاکسینی وڵاتەکەی لەسەر مرۆڤ بە سەرکەوتووی تەواوبووە. دەشڵێت، "ئەمە یەکەم ڤاکسینی کۆرۆنایە لە جیهاندا گەیشتبێتە ئەو قۆناغە."

ماڵپەڕی سپوتنیکی روسی بڵاویکردەوە، ڤادیم تاراسۆڤ، بەڕێوەبەری پەیمانگای پزیشکیی بایۆتەکنەلۆژی روسیا رایگەیاندووە، ڤاکسینەکەیان لەسەر دوو گروپ لە خەڵکی خۆبەخش تاقیکردووەتەوە و ئەنجامەکەی ئەرێنیی و سەرکەوتوو بووە.

راشیگەیاندووە، رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە گروپی یەکەم و ٢٠ی ئەم مانگەش گروپی دووەم لە خۆبەخشەکان ماوەی ئاسایی تاقیکردنەوەکە تەواودەکەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کە ئامانجی تاقیکردنەوەکە بۆ زانینی ئاستی سەلامەتی مرۆڤ بووە لە بەرامبەر ڤاکسینەکەدا و ئەنجامەکانیش دڵخۆشکەربوون.

لە ماوەی رابردوودا، بەرپرسانی تەندروستیی روسیا رایانگەیاند، کە پێدەچێت ڤاکسینەکەیان لە مانگی ئەیلولی داهاتوودا ئامادە ببێت.

لە ئێستادا، دوو کاندیدی ڤاکسینی کۆرۆنای دیکەش لە قۆناغێکی پێشکەوتوودان کە ئەوانیش ڤاکسینەکەی کۆمپانیای مۆدێرنای ئەمریکایە و دەوترێت لە کۆتایی ئەمساڵدا بە تەواوی ئامادە دەبێت.

هاوکات، ڤاکسینێکی دیکە لەلایەن کۆمپانیای ئەسترازینیکا بە سەرپەرشتی زانکۆی ئۆکسفۆردی بەریتانی لە پەرەپێداندایە و بەرپرسانی دەڵێن، لە مانگی ئابی داهاتوودا ئامادە دەبێت.

ڤاکسینەکەی کۆمپانیای ئەسترازینیکا لە رێگەی دەمەوە هەڵدەمژرێت و رایگەیاندووە، هەر لەگەڵ هەڵکردنی گڵۆپی سەوزی زانایان و پەسەندکردنی ڤاکسینەکە، ئامادەیە دوو ملیار دانەی لێ بەرهەمبهێنێت.

بەشێوەیەکی گشتیی ڤاکسین بە چەند قۆناغێک دروستدەکرێت کە ١٢ بۆ ١٨ مانگ دەخایەنێت و لە دوای قۆناغی تاقیکردنەوە لەسەر مرۆڤیش، قۆناغی پێداچوونەوە و پەسەندکردنی دەستپێدەکات.

ماوەی کەمتر لە ساڵێکە، ڤایرۆسێک کە پێشتر تێبینی نەکراوە و لە خێزانی ڤایرۆسی کۆرۆنایە و بە کۆڤید-١٩ ناسێندراوە، بڵاوبووەتەوە. ڤایرۆسەکە تا ئێستا نزیکەی ١٣ ملیۆن کەسی لە سەرانسەری جیهاندا توشکردووە و هاوکات، بووەتەهۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی ٦٠٠ هەزار کەسی دیکە.