سەردێڕ:

عێراق ئەو رێگەچارانە ئاشکرادەکات کە دەتوانێت دژی تورکیا بەکاریانبھێنێت

فۆتۆ: 
2020-07-12

33259 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، ئەوەی تورکیا بەرامبەر عێراق دەیکات، پێشێلکردنی سەروەری عێراقە و  وڵاتەکەیان مافی خۆیەتی پەنا بۆ پاڵپشتیی نێودەوڵەتی بەرێت، دەشڵێت، "دەتوانین کارتی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانمان بەکاربھێنین، کە ساڵانە زیاتر لە ١٦ ملیار دۆلار قازانج بە تورکیا دەگەیەنێت."

ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا، لەبارەی بژاردەکانی بەردەم عێراق دژی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا رایگەیاند، "مافی خۆمانە داوای پاڵپشتی نێودەوڵەتی و کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش بکەین و ئەگەریش هەیە عێراق داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی وەزیرانی دەرەوەی کۆمکاری عەرەبی و رێکخراوی هاوکاری ئیسلامی بکات، تاوەکو بەرگری لە سەروەریی خۆی بکات."

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ئاڵۆزییانەی سەر سنور بۆ ھیچ لایەک ئەنجامێکی باشی نابێت، دەشڵێت، "داوامان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە بۆ پارێزگاریکردن لەسەروەری عێراق پاڵپشتیمان بکەن."

ئەوەشی خستەڕوو، "یاسا نێودەوڵەتیەکان دڵنیایی دەدەنە عێراق کە مافی وەڵامدانەوەی هەبێت و دەتوانین لە ئەنجومەنی ئاسایش و کۆمکاری عەرەبی و ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامیش پاڵپشتی بەدەستبھێنین."

باسی لەوەشکرد، "دەتوانین کارتی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانمان بەکاربھێنین، کە ساڵانە زیاتر لە ١٦ ملیار دۆلار قازانج بە تورکیا دەگەیەنێت."

ماوەیەکە، تورکیا بە بیانوی ھەبوونی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆردومانی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان دەکات، ھاوکات، لە رۆژی ١٥ی مانگی رابردووەوە، تورکیا ھاتووەتە ناو سنورەکانی ھەرێمەوە و دەستی بە ئۆپەراسیۆنی چنگی پڵنگ کردووە.