سەردێڕ:

نیویۆرک تایمز وردەکاریی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ئاشکرادەکات

فۆتۆ: 
2020-07-11

39902 جار خوێندراوەتەوە

رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی بڵاویکردەوە، تەقینەوەکانی ئەم دواییەی بنکە سەربازی و ئەتۆمیەکانی ئێران لەلایەن ئیسرائیل و بە ئاگاداری ئەمریکا ئەنجامدراون.

رۆژنامەکە لە راپۆرتێکدا لە زاری بەرپرسانی باڵای ئەمریکیەوە بڵاوی کردووەتەوە، تەقینەوەکەی ماوەی رابردووی رۆژهەڵاتی تاران کە بنکەیەکی سەربازی کردبوە ئامانج و تەقینەوەکەی وێستگەی ئەتۆمی نەتەنز لە ئەسفەهان لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجامدراون و ئەمریکاش ئاگاداربووە.

راشیگەیاندووە، بە پێی خەمڵاندنی بەرپرسانی هەواڵگری ئەمریکا و ئیسرائیل بەهۆی ئەو زیانانەی لە ئەنجامی تەقینەوەکە بەر وێستگەی نەتەنز کەوتووە، لانیکەم بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بۆ دوو ساڵ دوادەکەوێت.

چەند بەرپرسی باڵای ئەمریکی بە رۆژنامەکەیان وتووە، خەریکە ستراتیژییەکی ئەمریکی – ئیسرائیلی دادەڕێژرێتەوە، بەمەبەستی کردنەئامانجی فەرماندەکانی سوپای پاسداران و زیانپێگەیاندن بە دامەزراوە ئەتۆمیەکانی ئێران.

هەرچی بەرپرسانی تارانن بە فەرمی تا ئێستا هیچ لایەنێکیان بە هێرشکردنەسەر دامەزراوەکانیان تۆمەتبار نەکردووە، بەڵام بەشێک لە میدیاکانی ئەو وڵاتە بە ناڕاستەوخۆ ئاماژەیان بە رۆڵی ئیسرائیل و وڵاتانی رۆژئاوایی دابوو لەو هێرشانە.