سەردێڕ:

روسیا و چین بڕیارنامەیەکیان لەبارەی سوریاوە ڤیتۆ کرد

فۆتۆ: 
2020-07-11

3163 جار خوێندراوەتەوە

نوێنەرانی روسیا و چین لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیارنامەیەکیان لە بارەی درێژکردنەوەی ماوەی رەوانەکردنی هاوکاری مرۆیی لە دەروازە سنوریەکانی تورکیاوە بۆ سوریا ڤیتۆ کرد.

لەو بڕیارنامەیەدا، کە دەقەکەی لەلایەن ئەڵمانیا و بەلجیکاوە ئامادەکرابوو، داواکرابوو هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ماوەی یەک ساڵی تر لە رێگەی دوو دەروازەی سنوری تورکیاوە رەوانەی ناوچەکانی ئیدلب و حەلەبی بکرێن.

روسیا لەگەڵ ئەوەدایە هاوکارییەکان تەنها لە رێگەی یەک دەروازەوە رەوانە بکرێن و بگەیەنرێنە دەست حکومەتی سوریا بۆ ئەوەی لەلایەن ئەو حکومەتەوە دابەش بکرێن.

هەندێک لە رەخنەگرانی روسیا لەو بڕوایەدان کە حکومەتی سوریا هاوکارییەکان ناگەیەنێتە ئەو ناوچانەی کە بەدەست بەرهەڵستکارەکانیەوەن.

لەدوای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سوریا لە ساڵی ٢٠١١ەوە تا ئێستا روسیا ١٦ بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی لە دژی حکومەتی دیمەشق ڤیتۆ کردووە و لە زۆربەی ئەو هەنگاوانەشدا چین پشتیوانی لە هەڵوێستەکانی مۆسکۆ کردووە.