سەردێڕ:

داوا لە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەکرێت داوای لێبوردن بکات

فۆتۆ: 
2020-07-11

12568 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی وتەیەکی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیاوە لەسەر موسوڵمانان کە مێژووەکەی بۆ ساڵی ١٩٩٧ دەگەڕێتەوە، داوای لێکرا کە داوای لێبوردن بکات.

ماڵپەڕی بی بی سی بڵاویکردەوە، لە ساڵی ١٩٩٧، بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا وتارێکی لەبارەی کۆمەڵکوژی مسوڵمانانی بۆسنە لەلایەن سڕبیاوە بۆ ڕۆژنامەی تەلەگرافی وڵاتەکەی نووسیوە و تێیدا هاتووە، "چارەنوسی مسوڵمانەکانی سرەبرینیکا (شارۆچکەیەکە لە سنوری نێوان بۆسنە و سڕبیا) ئازاردەربوو، بەڵام ئەو مسوڵمانانە کتومت فریشتە نەبوون."

ئاماژە بەوەشکراوە، بەهۆی ئەو نووسینەوە، زیاتر لە ١٠ ڕێکخراوی ئیسلامی بەریتانیا و ٣٠ پەرلەمانتاری پارتی کرێکارانی وڵاتەکە داوایان لە بۆریس جۆنسن کردووە داوای لێبوردن بکات.

لەلایەکی دیکەوە، ئەنجومەنی وەزیرانی بەریتانیا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو قسەیەی بۆریس جۆنسن لە دەقەکەی دەرهێنراوە و مانای دیکەی پێدراوە.

ڕاشیگەیاندووە، کە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ماوەی ٢٥ ساڵە بە بەردەوامی ئیدانەی کۆمەڵکوژی مسوڵمانانی شارۆچکەی سرەبرینیکا دەکات و بە یەکێک لە خراپترین تاوانەکانی مێژووی دەزانێت.

کۆمەڵکوژی مسوڵمانانی سرەبرینیکا لە ساڵی ١٩٩٥ و لەلایەن سوپای سڕبیاوە ئەنجامدراوە، کە تێیدا زیاتر لە هەشت هەزار کەس کوژران.