سەردێڕ:

دەسەڵاتدارانی کۆریای باکور داوایەکی "سەیر" لە سەربازانی وڵاتەکە دەکەن

فۆتۆ: 
2020-07-11

11999 جار خوێندراوەتەوە

دەسەڵاتدارانی کۆریای باکور داوایان لە سەربازانی وڵاتەکە کردووە، دەستبکەن بە بەخێوکردنی کەروێشک بەجۆرێک هەر سەربازێک لە ١٥ سەر کەروێشک کەمتر بەخێونەکات.

ئاژانسە هەواڵییەکان بڵاویانکردەوە، سوپای کۆریای باکور داوایەکی "سەیر"ی لە سەربازان و خێزانەکانیان کردووە، ئەویش بەخێوکردنی رێژەیەکی زۆری کەروێشک بەجۆرێک، بۆ هەر خێزانێک لە ١٥ سەر کەروێشک کەمتر نەبێت، ئەمەش لەپێناو دەستەبەرکردنی سەرچاوەی دەستکەوتنی خۆراکی تایبەت بە خۆیان.

نوسینگەی سیاسی سەر بە سوپا ئاماژەی بەوەکرد، "ئەم داوایە دەبێتە ئامرازێک بۆ زیادکردنی بەرهەمی گۆشت لە وڵات بە تێچوویەکی کەم"، هاوکات، "بەشێکە لە راسپاردەی کیم جۆنگ ئونی سەرۆکی کۆریای باکور لە فراوانکردنی بەخێوکردنی ئاژەڵە رووەکخۆرەکان."

باس لەوەشکراوە، ئەم بڕیارە نوێیە بارێکی زیاتر دەخاتە سەر شانی سەربازانی کۆریای باکور کە لە سەرەتای ئەم مانگەوە دەستیان بە راهێنانی سەخت کردووە کەچی سەرباری ئەوەش دەبێت گرنگی بە کەروێشکەکان بدەن.

دەشوترێت، ئەم بڕیارە ئەوە دەردەخات، کۆریای باکور بەدەست قەیرانی خۆراکەوە دەناڵێنێت، هەر بۆیە حکومەت پەنای بردووەتەبەر بەخێوکردنی ئاژەڵان.