سەردێڕ:

قۆناغی چوارەمی ئۆپراسيۆنی پاڵەوانانی عێراق دەستيپێکرد

فۆتۆ: 
2020-07-11

5138 جار خوێندراوەتەوە

قۆناغی چوارەمی ئۆپراسيۆنی پاڵەوانانی عێراق بۆ راوەدونانی چەکدارانی داعش لە سنوری پارێزگای دیالە دەستیپێكرد.

شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق لە ڕاگەيەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، لەسەر فەرمانی مستەفا کازمی سەرۆک وەزيرانی عێراق و بە سەرپەرشتی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان، قۆناغی چوارەمی ئۆپراسیۆنی پاڵەوانەكانی عێراق بۆ پشكنین و پاكسازیكردن لە رووبەری ١٧ هەزار و ٦٨٥ كیلۆمەتر چوارگۆشە لە سنووری پارێزگای دیالە دەستيپێکردووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئۆپراسیۆنەكە لە چوار میحوەرەوە دەستیپێكراوە كە هەریەك لە هێزەكانی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەكانی دیالە، سەڵاحەددین، سامەڕا، دوو لیوای كۆماندۆی سەربە هێزەكانی سنوور، هێزەكانی دژە تیرۆر، هێزەكانی پۆلیسی فیدرال، حەشدی شەعبی لەگەڵ هێزەكانی فەوجی دژە تیرۆری سلێمانی تیایدا بەشدارن.

بەپێی راگەیەندراوەكە لە میانی ئۆپراسیۆنەكەدا، پشتیوانی لەلایەن فڕۆكەكانی سوپا و هێزی ئاسمانیی و فڕۆكەكانی هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتی دژبە داعش دابینكراوە.

لە ماوەكانی رابردوودا، سێ قۆناغی ئۆپراسیۆنی پاڵەوانەكانی عێراق، بە ئامانجی راوەدونانی چەکدارانی داعش لە رۆژهەڵاتی سەحەلاددین، رۆژئاوای دیالە و باشوری رۆژئاوای كەركوك ئەنجامدران.