سەردێڕ:

لە تورکیا ١٤ کەس بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پەکەکە دەستگیرکران

فۆتۆ: 
2020-07-10

2041 جار خوێندراوەتەوە

لە شارەکانی ئەدەنە و مێرسین پۆلیسی توکیا هەڵیکوتایە سەر چەند ماڵێک و لە ئەنجامدا ١٤ کەس بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پارتی کرێکارانی کوردستان دەستگیرکران.

ئاژانسی فورات بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەى لێکۆڵینەوەى داواکاری گشتیی کۆماری لە ئەدەنە بڕیاری دەستگیرکردن بۆ ١٧ کەس دەرکرابوو، بۆ ئەو مەبەستەش ئەمڕۆ پۆلیس لە ئەدەنە و مێرسین هەڵیکوتایە سەر چەند ماڵێک و ١٤ کەسیان دەستگیر کرد.

وەک ئاژانسەکە باسیکردوە، ئەو ١٤ کەسە بە تۆمەتى "ئەندامبوون لە رێکخستن" و "بەشداربوون لە ناو پێکهاتەى کۆمەڵایەتیی پەکەکە/ کەجەکە"دا دەستگیرکراون و دەستگیرکراوەکان براونەتە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئەدەنە.

ئاژانسی فورات ئاماژەی بەوەشکردووە، کەسە دەستگیرکراوەکان بۆ ماوەى ٢٤ کاتژمێر بینینی پارێزەرانیان لێقەدەغە کراوە و بەپێی زانیارییەکانیش ئەگەری ئەوە هەیە ژمارەی دەستگیرکراوەکان زیاتر بن.

بەپێی ئامارەکان، تا ئێستا نزیکەی ١٠ هەزار چالاکوان و ئەندام و لایەنگری هەدەپە بە تۆمەتی پەیوەندی هەبوون لەگەڵ پەکەکە دەستگیرکراون.