سەردێڕ:

هۆکاری خۆکوشتنی سەرۆک شارەوانی سیئۆڵ ئاشکراکرا

فۆتۆ: 
2020-07-10

17653 جار خوێندراوەتەوە

میدیاکانی کۆریای باشور بڵاویانکردەوە، گیانلەدەستدانی سەرۆک شارەوانی سیئۆڵی پایتەخت بەهۆی خۆکوژییەوە بووە. هاوکات، خۆکوشتنەکەی بەهۆی سکاڵایەکەوە بووە بە تۆمەتی گێچەڵی سێکسی.

میدیاکانی کۆریای باشور بڵاویانکردەوە، لە وەسێتەکەیدا کە بۆ کچەکەی بەجێهێشتووە، پارک وۆنسوون، سەرۆک شارەوانی شاری سیئۆڵی پایتەختی ئەو وڵاتە، داوای لێبوردنی لە خێزانەکەی کردووە و رایگەیاندووە، کە دوای ئەو رووداوە هەست بە ئازار و شەرمێکی زۆر دەکات.

هەر لە وەسێتەکەیدا، داوای لە پارێزگاری سیئۆڵ کردووە، تەرمەکەی بسوتێنن و خۆڵەمێشەکەی بە چواردەوری گۆڕی باوک و دایکیدا بڵاوبکەنەوە.

بە گوێرەی میدیاکانی کۆریای باشور، رۆژی چوارشەممەی رابردوو، خانمێک کە سکرتێر بووە لە نوسینگەکەی، بە تۆمەتی گێچەڵی سێکسی سکاڵای یاسایی لەسەر سەرۆک شارەوانی سیئۆڵ تۆمارکردووە.

دوێنێ پێنجشەممە، پۆلیسی کۆریای باشور ڕایگەیاند، کچی سەرۆک شارەوانی شاری سیئۆڵ پەیوەندی پێوەکردوون و پێی ڕاگەیاندوون کە باوکی دیارنەماوە.

هەر دوێنێ، پۆلیسی کۆریای باشور هەڵمەتێکی گەڕان و بەدواداچوونیان بۆ دۆزینەوەی سەرۆک شارەوانی سیئۆڵی پایتەخت دەستپێکرد و ئێوارەکەی بە مردووی دۆزییانەوە.

پارک وۆنسوون، تەمەنی ٦٤ ساڵە و لە ساڵی ٢٠١١وە سەرۆک شارەوانی سیئۆڵی پایتەختی کۆریای باشورە. میدیاکانی وڵاتەکەشی وەکو کەسێکی دیموکرات و چالاکێکی مەدەنی باسیدەکەن.