سەردێڕ:

بەرپرسێکی باڵای هەواڵگریی توانای ئێران بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی ئاشکرادەکات

فۆتۆ: 
2020-07-10

10830 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی قسەی بەرپرسێکی باڵای هەواڵگریی، ئێران لە شەش مانگی داهاتوودا دەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

رۆژنامەی ئیلافی عەرەبی لێدوانی بەرپرسێکی هەواڵگری باڵای لەسەر بەرەوپێشچوونەکانی ئێران لەبارەی بەدەستهێنان و ئامادەکردنی چەکی ئەتۆمییەوە گواستووەتەوە و تێیدا هاتووە، کە ئەو وڵاتە تەنیا شەش مانگ دوورە لە خاوەندارێتیکردنی یەکەم چەکی ئەتۆمی لە مێژووی خۆیدا.

ئاماژە بەوەشکراوە، کە ئێران دەستیگەیشتووە بە ١٤٠ کیلۆگرام یۆرانیۆم و تەنیا شەش مانگی ماوە بۆ ئەوەی بە رێژەی ٩٠% پرۆژەی دروستکردنی چەکی ئەتۆمییەکەی تەواو بکات.

ئەو بەرپرسە هەواڵگرییە راشیگەیاندووە، بە مەبەستی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی دیکە، بە فەرمانی رابەری باڵای ئێران دەستکراوە بە ئامادەکاریی بۆ ئامادەکردنی ١٤٠ کیلۆ یۆرانیۆمی تر.

باسی لەوەشکردووە، کە ئێران تاوەکو ئێستا بڕیارینەداوە کە ئایا یۆرانیۆمەکەی لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمیدا بەکاردەهێنێت یاخود نا.

ئەمەش لەکاتێکدایە، دروستکردنی چەکی ئەتۆمی پرۆژەیەکی لەمێژینەی کۆماری ئیسلامی ئێرانە و بەو هۆکارەش ساڵانێکی زۆرە، ئەمریکا سزای ئابوری بەسەردا دەسەپێنێت.