سەردێڕ:

تەندروستی پێنجوێن: سکاڵا لەسەر دەروێشەکان تۆمار دەکەین

فۆتۆ: 
2020-07-10

9229 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری تەندروستی پێنجوێن ڕایگەیاند، هیچ پشکنینێک بۆ دەروێشەکان نەکراوە کە هاتونەتە ناو خاکی هەرێمی كوردستانەوە.

خالید عەبدوڵا، بەڕێوەبەری تەندروستی پێنجوێن بە ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، "هیچ پشکنینێک بۆ دەروێشەکان نەکراوە کە هاتنە ناو خاکی هەرێم،" دەشڵێت، "سکاڵای یاسایی لەسەر دەروێشەکان تۆمار دەکەین کە بە نایاسایی هاتنە ناو خاکی هەرێمی كوردستانەوە".

ئاماژەی بەوەشكرد، "شەش لەو دەروێشانە لەناو خاکی ئێران کوژراون و هەڵسوکەوتێکی نەشیاو بوو دەروێشەکان بەو شێوەیە سنوریان بەزاند".

هاوكات، ئەمڕۆ، وتەبێژی تەندروستی هەرێم ڕایگەیاند، "ئەو دەروێشانەی لە ئێرانەوە بۆ مه‌راسیمه‌كه‌ هاتوون، پێویسته‌ وەك هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا سەیربكرێن".

ئەمەش لەکاتێکدایە، دوێنێ بەمەبەستی بەشداریکردنیان لە بەخاکسپاردنی تەرمی شێخ محەمەدی کەسنەزانی سەرۆکی تەریقەتی قادری، سەدان مورید و دەروێشی تەریقەتەکە لە باشماخ و بازگەکانی نێوان سلێمانی و چەند پارێزگایەک بەبێ پشکنین تێپەڕین.