سەردێڕ:

دادگای ئەمریکا پێداچوونەوە بە دۆسیەی کوژرانی جۆرج فلۆیدا دەکات

فۆتۆ: 
2020-07-10

3839 جار خوێندراوەتەوە

دادوەرێکی ئەمریکی داوای لە دادگای لێکۆڵینەوە لە کەیسی جۆرج فلۆید کردووە کە پێداچوونەوە بە دۆسیەی ئەو چوار پۆلیسەدا بکرێت کە بە کوشتنی جۆرج فلۆید تۆمەتبارن. دەشڵێت، "بە تایبەتی سێ پۆلیسەکەی تر کە تاوانێکی ئەوتۆیان ئەنجامنەداوە."

میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە، ئێرل گرەی، پارێزەری تۆماس لەین کە یەکێک بوو لە چوار ئەفسەرەکەی دۆسیەی جۆرج فلۆید، داوایکردووە پێداچوونەوە بە سزای تاوانبارەکاندا بکرێتەوە.

ئەو دادوەرە ئەمریکییە راشیگەیاندووە، کە بەپێی بەڵگەکان تۆماس لەین دووجار داوای لەو ئەفسەرەی ئەژنۆی خستبووە سەر پشتی ملی فلۆید کردووە تا وانەکات و بەشێوەیەکی ئاسایی پاڵیبخات، بەڵام گرنگی بە قسەکانی نەدراوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کە دەبێت سزاکانی سەر تۆماس لەین هەڵبووەشێتەوە چونکە ئەو ئەفسەرە ئاگاداری کوشتنەکە نەبووە و ئەوەی نەویستووە.

باسی لەوەشکردووە، کە تۆماس لەین دەستبەجێ پەیوەندی بە ئەمبوڵانسەوە کردووە و لە رێگەشدا بۆ نەخۆشخانە هەوڵیداوە دڵی فلۆید جارێکی دیکە لێبداتەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، تۆماس لەین تۆمەتی هاوکاریی کوشتنی ئاراستەکراوە و لە ئێستادا تا کاتی یەکلابوونەوەی بڕیاری دادگا، بە بڕی زیاتر لە ٨٠ هەزار دۆلار بە کەفالەت ئازادکراوە.

دێریک چۆڤین، تۆمەتباری سەرەکی کوشتنی جۆرج فلۆید بە تۆمەتی کوشتنی پلە دوو و پلە سێ بەندکراوە و رەنگە تاوەکو ٤٠ ساڵ زیندانی حکومبدرێت.

جۆرج فلۆید پیاوێکی رەشپێستی ئەمریکی بوو لە ویلایەتی مینەسۆتا کە لەژێر ئەژنۆی ئەفسەرێکی پۆلیسدا و لە کاتی دەستگیرکردنیدا گیانیلەدەستدا و دواتریش، بەشێکی زۆری خەڵکی وڵاتەکەی خۆپیشاندایان دژ بە کوشتنەکەی کرد.