سەردێڕ:

میدیاکانی ئێران: تەقینەوەیەک لە تارانی پایتەختدا ڕوویدا

فۆتۆ: 
2020-07-10

9082 جار خوێندراوەتەوە

میدیاکانی ئێران ڕایانگەیاند، لە ڕۆژئاوای تارانی پایتەختی وڵاتەکەیان دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز بیستراوە، بەرپرسانی شارەکەش ڕەتیانکردەوە تەقینەوە ڕوویدابێت و دەڵێن، کارەبا پچڕاوە.

بەپێی هەواڵی میدیاکانی ئێران تەقینەوەکە کاتژمێر یەک و ٣٠ خولەکی شەوی ڕابردوو ڕوویداوە و کارەبای بەشێک لە ڕۆژئاوای تاران بڕاوە.

هاوکات کەناڵی جەزیرە لە زاری بەرپرسێکی ئێرانیەوە بڵاویکردەوە، تەقینەوەکە لە کاتی هەڵکەندنی تونێلێکدا بووە کە بۆ شاردنەوەی چەند موشەکێک دروستدەکرێت.

فەرمانداری شاری قودسی تارانیش بە ئاژانسی میهری وڵاتەکەی وتووە، ئەو دەنگۆیانەی باس لە تەقینەوە دەکەن ناڕاستن و تەنها پچڕانی کارەبا لە ناوچەیەکی بچوکی گەرمدەر و شاری قودسی تاران بۆ چەند خولەکێک ڕوویداوە.

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، چەند تەقینەوەیەکی بەهێز لە تاران و چەند ناوچەیەکی دیکەی ئێران ڕوویانداوە، بەرپرسانی وڵاتەکەش هۆکاری بەشێک لە تەقینەوەکانیان گەڕاندووەتەوە بۆ تەقینی غاز.