سەردێڕ:

سبەی و دووسبەی موچەی ئەم شوێنانە دابەشدەکرێت

فۆتۆ: 
2020-07-10

33998 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دارایی هەرێم خشتەی موچەی سەرجەم وەزارەتەکانی راگەیاند و بەپێی خشتەکە، سبەینێ شەممە ١١ی تەمووز و یەکشەممە، ١٢ی تەمووزی ٢٠٢٠، موچەی وەزارەتەکانی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی، داد،  سامانە سروشتییەکان، ئەوقاف و کاروباری ئایینی، پلاندانان، پیشەسازی و بازرگانی، گواستنەوە و گەیاندن، خوێندنی باڵا و تویژینەوەی زانستی دابەشدەکرێت.

هاوکات، هەر لە سبەی و دووسبەیدا، موچەی خاوەنپێداویستی تایبەت، ئەنجومەنی دادوەری، دیوانی چاودێری دارایی، مافی مرۆڤ، ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم، دەستەی ژینگە، دەستەی وەبەرهێنان، دەستەی دەسپاکی، کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و دەزگای مین دابەشدەکرێت.

دابەشکردنی موچە لەکاتێکدایە، رۆژی ٢١ی مانگی رابردوو، حکومەتی هەرێم چەند بڕیارێکی نوێی بۆ کەمکردنەوەی موچە و دەرماڵەی فەرمانبەران دەرکرد و بەپێی بڕیارەکان بە رێژەی ٢١٪ موچەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم کەمکرایەوە.

نزیکەی ٦٠ رۆژە موچە دابەشنەکراوە، سەرباری ئەوەی بەغدا لە مانگی رابردوودا بڕی ٤٠٠ ملیار دیناری رەوانەی هەرێم کرد، دواتر حکومەتی هەرێم رایگەیاند، بۆ دابەشکردنی موچەی مانگی یەک قەرزی لە کۆمپانیاکان کردووە و بڕێکی زۆری پارەکەی بەغدای بۆ دانەوەی ئەو قەرزانە تەرخان کردووە، بەو هۆیەوە دابەشکردنی موچە دواکەوتووە.