سەردێڕ:

یەکەم لێدوانی ئێران لەبارەی هاتنی دەروێشەکانەوە

فۆتۆ: 
2020-07-10

77208 جار خوێندراوەتەوە

جێگری پارێزگاری سنە رایگەیاند، لە شەپۆلی هاتنی دەروێشەکاندا بەرەو هەرێمی کوردستان هیچ کەسێک نەکوژراوە. دەشڵێت، "دوو کەس لە دەروێشەکان بە سوکی برینداربوون."

حسێن خوشئیقباڵ، جێگری پارێزگاری سنە بە ئاژانسی ئیرنای ئێرانی راگەیاندووە، ئەو قسانە رەتدەکاتەوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا باس لە کوژرانی دەروێشەکان دەکات بە دەستی هێزەکانی سەر سنوری وڵاتەکەی.

راشیگەیاند، هێزە عێراقییەکانی سەر سنور تەقەیان بەسەر دەروێشەکاندا کردووە، بەڵام هیچ کەسێک پێوەنەبووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی قەرەباڵغییەوە دوو لە دەروێشەکان بە سوکی برینداربوون کە یەکێکیان لە نەخۆشخانەی مەریوان و ئەوی دیکەشیان لە نەخۆشخانەی پێنجوێن لەژێر چاودێریدان و بە گشتییش تەندروستیان باشە.

لەلایەکی دیکەوە، ئەمڕۆ موختار عەلی بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندیەکانی مەرزی باشماخ بە ئێن ئاڕتی راگەیاند، هیچ کام لەو دەروێش و موریدانەی کە مەرزەکەیان بڕیوە پشکنینیان بۆ نەکراوە و هەموویان یاسایان شکاندووە، وتيشی زەرەر و زیانێکی زۆر بە کەلوپەل و کەرەستەکانی مەرزەکە کەوتووە.

راشیگەیاند، لەلایەن پاسدارانی ئێرانەوە چوار لەو دەروێشانە بریندارکراون و لە ناو ئەو دەروێش و موریدانەدا کورد زمان و فارس زمان و تورک زمان هەیە.

هاوکات، بەپێی ئەو گرتە ڤيديۆيانەش کە لە تۆڕە کۆمەڵايەتييەکان بڵاودەکرێتەوە، ئەو دەروێشانە تەنها لە دەروازەی باشماخەوە نەهاتوون، بەڵکو لە گەرميان و لە هەولێر و دهۆکيش لە بازگەی دێگەڵەوە هاتوون، هەروەها ژمارەيەک دەروێشيش لە ناوچەکانی باشوری عێراقەوە بەڕێکەتوون.

چواری ئەم مانگە، شێخ محەمەد شێخ عەبدولکەریمی کەسنەزانی رابەری تەریقەتی قادری کەسنەزانی لە عیراق و جیهان، لە تەمەنی ٨٢ ساڵی بەهۆی نەخۆشییەوە لە ئەمریکا کۆچی دواییکرد و بڕیارە سبەی هەینی تەرمەکەی بەخاک بسپێردرێت.