سەردێڕ:

عێراق هەڵگرتنی قەدەغەی گەشتی دەرەوەی وڵاتی راگەیاند

فۆتۆ: 
2020-07-09

76779 جار خوێندراوەتەوە

لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی عێراق رایگەیاند، کە هەموو عێراقییەکان رێگەیان پێدەدرێت گەشتی دەرەوەی وڵات بکەن بەو مەرجەی لە کاتی گەڕانەوەیاندا بۆ ماوەی ١٤ رۆژ کەرەنتین بکرێن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، کە بڕیاری کۆبوونەوەکانی ١٩ی نیسان، ٢٧ی نیسان و ٣٠ ئایاری ٢٠٢٠ی پەیوەست بە قەدەغەی گەشتکردنی دەرەوەی وڵات هەڵوەشاندووەتەوە.

باسی لەوەشکردووە، کە بە مەرجە تەندروستییەکانەوە، قەدەغەی گەشتی دەرەوەی عێراق و بەپێچەوانەیشەوە هەڵدەگیرێت.

ئەوەش هاتووە، کە رێگە بە هەموو عێراقییەکان دەدرێت گەشتی دەرەوەی وڵات بکەن بەو مەرجەی لە کاتی گەڕانەوەدا بۆ ماوەی ١٤ رۆژ لە ماڵەکانی خۆیاندا کەرەنتین بکرێن.

هاوکات، پشکنینی پزیشکی بۆ هەموو عێراقییە گەڕاوەکان دەکرێت و لە کاتی دەرکەوتنی نیشانەکانی توشبوون بە کۆرۆنا، ئەوا بۆ ماوەی ١٤ رۆژ لە ماڵەکانی خۆیاندا کەرەنتین دەکرێن.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە رۆژی ١٦ی مانگی ئازاری رابردووەوە، بە فەرمانی لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی عێراق گەشتی دەرەوە و هاتنەوە بۆ وڵات راگیراوە.