سەردێڕ:

وردەکاریی هاتن و تێپەڕاندنی سنورەکان لەلایەن دەروێشەکانەوە

فۆتۆ: 
2020-07-09

24793 جار خوێندراوەتەوە

بەمەبەستی بەشداریکردنیان لە بەخاکسپاردنی تەرمی شێخ محەمەدی کەسنەزانی سەرۆکی تەریقەتی قادری، سەدان مورید و دەروێشی تەریقەتەکە لە باشماخ و بازگەکانی نێوان سلێمانی و چەند پارێزگایەک بەبێ پشکنین تێپەڕین.

ئەو دەروێشانە دەڵێن بۆ بەشداريکردن لە مەڕاسيمی بەخاکسپاردنی شێخ محەمەد کەسنەزانی هاتوونەتە هەرێم و هەندێک لەو دەروێشانە دەڵێن خۆیان بە ویستی خۆیان هاتوون و بەشێکی تریشیان ئاماژە بەوەدەکەن کە لەسەر فەرمانی شێخ نەهرۆ ڕێبەری نوێی تەريقەتی قادری هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.

هەر لەو بارەيەشەوە، موختار عەلی بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندیەکانی مەرزی باشماخ بە ئێن ئاڕتی راگەیاند، هیچ کام لەو دەروێش و موریدانەی کە مەرزەکەیان بڕیوە پشکنینیان بۆ نەکراوە و هەموویان یاسایان شکاندووە، وتيشی زەرەر و زیانێکی زۆر بە کەلوپەل و کەرەستەکانی مەرزەکە کەوتووە.

بەڕێوبەری ڕاگەياندنی مەرزی باشماخ باسی لەوەشکرد، لەلایەن پاسدارانی ئێرانەوە چوار لەو دەروێشانە بریندارکراون و لە ناو ئەو دەروێش و موریدانەدا کورد زمان و فارس زمان و تورک زمان هەیە.

بەپێی ئەو گرتە ڤيديۆيانەش کە لە تۆڕە کۆمەڵايەتييەکان بڵاودەکرێتەوە، ئەو دەروێشانە تەنها لە دەروازەی باشماخەوە نەهاتوون، بەڵکو لە گەرميان و لە هەولێر و دهۆکيش لە بازگەی دێگەڵەوە هاتوون، هەروەها ژمارەيەک دەروێشيش لە ناوچەکانی باشوری عێراقەوە بەڕێکەتوون.

چواری ئەم مانگە، شێخ محەمەد شێخ عەبدولکەریمی کەسنەزانی رابەری تەریقەتی قادری کەسنەزانی لە عیراق و جیهان، لە تەمەنی ٨٢ ساڵی بەهۆی نەخۆشییەوە لە ئەمریکا کۆچی دواییکرد و بڕیارە سبەی هەینی تەرمەکەی بەخاک بسپێردرێت.