سەردێڕ:

تورکیا و بەریتانیا داوای چارەسەری سیاسی بۆ لیبیا دەکەن

فۆتۆ: 
2020-07-09

7689 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی بەریتانیای کرد و ڕایگەیاند، لەگەڵ ئەو وڵاتە هەوڵی ڕێکەوتن دەدەن بۆ چارەسەری سیاسی لە لیبیا.

مەولود چاوشئۆغڵو سەردانێکی یەک رۆژەی بۆ بەریتانیا ئەنجامدا و لەگەڵ سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.

چاوشئۆغڵو باسی لەوەکردووە، کە تورکیا باوەڕی وایە تەنیا چارەسەر بۆ ئاڵۆزییەکانی لیبیا چارەسەری سیاسییە و ئەو پرۆسە سیاسییەش لەژێر چاودێری نەتەوەیەکگرتوەکان بێت.

وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد، کە پێویستە ئاگربەستێکی هەمیشەیی لە لیبیا ڕابگەیەنرێت بە دەستپێشخەری حکومەتی دانپێدانراوی ئەو وڵاتە.

چاوشئۆغڵۆ لەگەڵ بۆریس جۆنسن و وەزیری دەرەوەی بەریتانیا باسیان لە ڕێکەوتنی بازرگانی و هاوکاری گەشتیاری و پیشەسازیی جەنگیی نێوان هەردوو وڵاتیش کرد، هەروەها گفتوگۆشیان لەبارەی کێشە نێودەوڵەتیەکانی وەک لیبیا و سوریا و ناتۆ کرد.

ئەوەش لە کاتێکدایە، کە تورکیا هێزی سەربازیی بردووەتە وڵاتی لیبیا و لە ئاڵۆزییەکانی ئەو وڵاتەدا هاوکاری حکومەتی لیبیا دەکات دژی سوپای نیشتیمانی وڵاتەکەی.