سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تى چەند ڕاستییەک لەسەر نەخۆشخانە حکومى و ئەهلییەکان ئاشکرادەکات

فۆتۆ: 
2020-07-09

6835 جار خوێندراوەتەوە

سەرباری ئەوەی لە ئێستادا خەڵکێکی زۆر پێویستیان بە کەرتی تەندروستی حکومی هەیە و خەڵک دۆخی ماددی خراپە و دوو مانگ جارێک موچەیەک بە لێبڕینەوە وەردەگرێت، کەچی حکومەت گرنگی بە نەخۆشخانە حکومییەکان نادات، لە بەرامبەردا نەخۆشخانە ئەهلییەکان گرنییەکى زۆرى پێدەدرێت.

لە نەخۆشخانە حکومیەکانی هەرێمی کوردستاندا، ستافی پزیشک و کارمەندی وەک پێویست تێدا نیە، ئەگەر هاوڵاتییەک توشی ڕووداوێک یان نەخۆشییەکی کتوپڕ بێت، ئەوا پزیشکێکی پسپۆڕ نیە تاوەکو بەپەلە چارەسەری بکات، بەڵکو چەند کاتژمێرێک و بە چەند تەلەفۆنێک ئینجا پزیشکێک دێتە نەخۆشخانەکە و چارەسەری سەرەتایی نەخۆشەکە دەکات، وە لە زۆر حاڵەتدا ئامێر و پێداویستی و کارمەندی وەک پێویست لێ نیە.

هاوکات، کەمترین خەڵک لە ناو نەخۆشخانە حکومییەکاندا دەبینرێت، سەرباری ئەوەی لە ئێستادا خەڵکێکی زۆر پێویستیان بە کەرتی تەندروستی حکومی هەیە.

بەڵام لە نەخۆشخانە ئەهلیەكانی لە کوردستاندا، پزیشکی پسپۆڕ و هەموو پێداویستییەکی تەندروستی بونی هەیە، هەر نەخۆشێک ڕوودەکاتە نەخۆشخانەکان ئەوا یەکسەر کارمەندێک بەدەمی نەخۆشەکەوە دەچێت و ڕێنوێنی دەکات بۆ شوێنی دیاریکراو، هەموو پێداویستییە پزیشکییەکان لە خۆدەگرێت و پزیشکی پسپۆڕ دەستبەجێ چارەسەری دەکات، بەڵام جیاوازییەکەی لەگەڵ دیمەنی پێشوودا ئەوەیە کە پزیشکەکان لێرە مافی خۆیان و پارە و موچەی خۆیان وەردەگرن و نەخۆشخانەکانیش داهاتێکی باشیان هەیە، بەڵام لە دیمەنەکەی یەکەمدا، نە حکومەت خەمی نەخۆشخانەکان دەخوات و نە پزیشک و کارمەندانیش وەک پێویست دەوام دەکەن.

لەم کاتەدا کە نەخۆشی کۆرۆنا هەیە و خەڵک دۆخی مادی خراپە و دوو مانگ جارێک موچەیەک بە لێبڕینەوە وەردەگرێت، کەچی حکومەت گرنگی نادات بە نەخۆشخانە حکومییەکان و موچە و پێداویستیان لە ئاست پێویست بۆ دابین ناکات، ئەوەش وایکردووە، بەشی زۆری کارمەندانی تەندروستی و پزیشک دەوام نەکەن و ژمارەیەک لە نەخۆشخانە و بنکە و مەڵبەندە تەندرووستییەکان داخرابن.

نەمانی پێداوستی تاقیگەیی و نەبوونی پێداوستی تیشک و سۆنەر لە بەشێکی نەخۆشخانە و مەڵبەند و  بنکە تەندروستییەکان بەشێکی دیکەی کێشەکانە، هەموو ئەوانەش وایکردووە خەڵک سەرباری دۆخی دارایی، بەڵام بە ناچاری ڕوو بکاتە نەخۆشخانە ئەهلییەکان، کە هەندێک کەس پێیان وایە حکومەت و دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی بە مەبەست وا لەم سێکتەرە دەکەن، چونکە چەند بەرپرسێکی پارتی و یەکێتی نەخۆشخانەیان هەیە و دەیانەوێت بازار و داهاتی نەخۆشخانە تایبەتەکانی خۆیان زیاد بێت، هەر بۆیە نەخۆشخانە حکومییەکان پشتگوێ خراون.

لێرەدا بە کورتی چەند جیاوازییەکی نەخۆشخانە حکومی و ئەهلییەکان دەخەینەڕوو

-لە نەخۆشخانە حکومییەکاندا بە گشتی نرخی پشکنین، تیشک، سۆنەر، دەرمان و نەشتەرگەری هەرزانترە، بەڵام لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان نزیکەی ١٠ ئەوەندە دەبن.

-نرخی بینینی نەخۆش لە نەخۆشخانە حکومییەکان تەنها ٥٠٠ دینارە، بەڵام لە ئەهلییەکان ١٥ بۆ ٢٥ هەزار دینارە.

-پارەی مانەوە و خواردن لە حکومی بێبەرامبەرە، کەچی لە ئەهلی بۆ سەرجەم خزمەتگوزارییەکان پارە وەردەگیرێت.

-بۆ نەشتەرگەریی لە نەخۆشخانەی حکومی لە بەیانیاندا پارە وەرناگیرێت، بەڵام لە ئەهلی تاوەکو دەیان ملیۆن دینار وەردەگیرێت.

-ئەگەر هەڵەیەکی پزیشکی بکرێت لە نەخۆشخانەی حکومی هەندێ جار توانای شاردنەوەی زەحمەتە و ئاشکرا دەبێت، بەڵام لە ئەهلی شاردنەوەی هەڵەی پزیشکیی ئاسانە.

-لە نەخۆشخانەی حکومی پارەیەکی زۆر کەم وەردەگیرێت، مەبەستی سەرەکی تەنها خزمەتکردنە، کەچی لە ئەهلی مەبەستی سەرەکی قازانج و پەیداکردنی پارەیە و دواتر خزمەتکردن.

پێش خراپی دۆخی دارایی، حکومەت و وەزارەتی تەندروستی توانای ماددی باشیان لەبەردەستدا بووە بۆ بەلوتکە گەیاندنی کەرتی تەندروستی حکومی، بەڵام بەهۆی بێ پلانی ونەبونی ئیرادە جا بەمەبەست یان بێ مەبەست بێت نەیانتوانیوە کەرتی تەندروستی هاوشێوی وڵاتان پێشبخەن، کەچی لە بەرامبەردا کەرتی تایبەتی تەندروستی بەرەوپێشچونێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە.

رەخنەیەکیش لە پزیشک دەگیرێت ئەوەیە زۆرجار پزیشک کەرتی گشتی بەکاردەهێنریت بۆ ڕاکێشانی نەخۆشەکان بۆ نەخۆشخانەی ئەهلی یان عیادە تایبەتەکەی خۆی تا لەوێ نەشتەگەری و چارەسەری بۆ بکات، ئەوەش بە سودی پزیشکەکە خۆی و نەخۆشخانە ئەهلیەکە و بە زیانی هاوڵاتییەکە دەشکێتەوە.

رەخنەکان لەسەر کەرتی تەندروستی هەرێم زۆرن، بۆ نمونە چالاکێکی مەدەنی گەرمیان نوسیوویەتی، کەرتی تەندروستی چارەکە سەدەیەکە خراپ ئیدارە دەدرێت و ئێستاش پڕە لەناکۆکی و ململانێ وخراپ ئیدارەدان.

لەسەر نەخۆشخانە ئەهلییەکانیش دەڵێت، ئێستا ڕۆژانە دەیان کەس لە کەلار و گەرمیان بەھۆی تووشبوون بە کۆرۆنا یا نەخۆشی دیکەوە ناچار دەبن بۆ پشکنینێکى تیشکى سیتی سکان بڕۆنە نەخۆشخانەی ئەھلی و لەوێش بۆ ھەر سیتی یەک ٥٠ بۆ ٦٠ ھەزار دیناریان لێ وەردەگرن.

لە سەرەتای سەرهەڵدانی نەخۆشی کۆرۆناوە، زۆرجار هاوڵاتیان لە زاری بەرپرسانەوە گوێیان لەوە بووە کە سیستمی تەندروستی هەرێم لە ئاست پێویستدا نیە، وەک ئەوە وایە، هاوڵاتیان بەرپرس بووبن لە خراپی کەرتی تەندروستی و بەرپرسانیش تەنها تەماشاکەر بوونە، بەڵام هەندێک جار بەرپرسانی حکومی بە شان و باڵی کەرتی تەندرووستیدا هەڵدەدەن.

بەشێك لە شارەزایان و چاودێرانی تەندروستی گومان دەکەن، کە بەمەبەست وادەکرێت هاوڵاتیان رووبکەنە نەخۆشخانە ئەهلییەکان لەبەرئەوەی بەشی زۆری ئەو نەخۆشخانانە راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ سەر بە چەند حزبێکن یان پشکی حزب و بەرپرسانی تێدایە.