سەردێڕ:

پێشمەرگە لەبارەی دروستکردنی هێزی هاوبەش لەگەڵ عێراقدا روونکردنەوە دەدات

فۆتۆ: 
2020-07-09

6993 جار خوێندراوەتەوە

جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، لە ماوەی داهاتوودا ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەگەڵ سوپای عێراقدا دروستدەکەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، قارەمان کەمال جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، لەگەڵ سوپای عێراق باسی کردنەوەی ژووری ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشیان لە ناوچەکانی دیالە، کەرکوک، مەخمور و موسڵ کردووە و چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا بە فەرمی رابگەیەندرێت، دەشڵێت، "باسمان لە دروستکردنی ھێزی ھاوبەشیش لەو ناوچانەدا کردووە."

لە بارەی گەڕانەوەی پێشمەرگەش بۆ کەرکوک ئەوەی خستەڕوو، "باس لەوەنەکراوە ھێزەکانمان تا کوێ دەچن و ئەوەی لە راگەیاندنەکان باسکراوە راست نییە."

ھەفتەی رابردوو، شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێم لەگەڵ شاندی وەزارەتی بەرگریی عێراق لەسەر چەند پرسێک لە بەغدا کۆبووەوە و بڕیاردرا کۆبوونەوەی داھاتوو لە ھەولێر بەڕێوەبچێت.