سەردێڕ:

ئەمریکا شەڕی ئابوریی لەگەڵ چین بە تیکتۆک دەکات

فۆتۆ: 
2020-07-09

4460 جار خوێندراوەتەوە

ئەمریکا بەنیازە شەڕی ئابوری لەگەڵ چین بگۆڕێت و بەنیازە تیکتۆک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تری چین لە وڵاتەکەی قەدەغەبکات، کە لە ئێستادا دەیان ملیۆن بەکارهێنەری لە ئەمریکادا هەیە.

لە ماوەی ڕابردودا ئەمريکا لە شەڕە ئابورييەکەی لەگەڵ چين لە هەوڵی ئەوەدابوو لە ڕێگەی سەپاندنی سزا بەسەر کۆمپانيای هواويدا زيانی ئابوری بەو وڵاتە بگەيەنێت، بەڵام ئەمجارە هەوڵەکەی لەڕێگەی وەستاندنی تۆڕێکی کۆمەڵايەتی ئەو وڵاتەيە.

مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ڕايگەياند بەنیازن پرسی قەدەغەکردنی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانی چین و لەناوياندا تیکتۆک تاوتوێ بکەن، راشیگەیاند تیکتۆک و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی تری ئەو وڵاتە زانیاری بەکاربەرانیان رادەستی دەزگا هەواڵگریەکانی چین دەکەن.

سەبارەت بەو هاوڵاتیە ئەمریکیانەشی کە تۆڕی تیکتۆک بەکاردەهێنن وتی، ئەگەر دەتانەوێت زانیاری و ڤیدیۆکانتان بگاتە دەست حزبی شیوعی دەسەڵاتداری چین بەردەوام بن لە بەکارهێنانی ئەو تۆڕە.

لەبەرامبەردا کۆمپانیای تیکتۆک رایگەیاندووە، هیج کات زانیاری بەکاربەرانیان رادەستی چین نەکردووە و هەر داوایەکی لەو جۆرەشیان لێبکرێت رەتیدەکەنەوە، چونکە لە سەرووی هەموو شتێکەوە گرنگی بە پاراستنی زانیاری بەکاربەرانیان دەدەن.

بەپێی داتاکانی کۆمپانيای تيکتۆک ئەوتۆڕە کۆمەڵايەتييە لە ئێستادا زیاتر لە ٤٥ ملیۆن بەکارهێنەری هەيە لە ئەمريکا، کە دەکاتە لە سەدا ٦ی دابەزاندنی بەرنامەکە لە جيهاندا.

هەر لەم چوارچێوەيەشدا، حەوتی ئەم مانگە کۆمپانيای تيکتۆک ڕايگەياند چالاکييەکانيان لە هۆنگ کۆنگ ڕاگيراوە، هەروەها هەريەک لە هندستان و ئوستوڕاڵياش بەکارهێنانی ئەو تۆڕە کۆمەڵايەتييەيان قەدەغەکردووە.