سەردێڕ:

نەخۆشییەک لە ئیدلیب بڵاوبووەتەوە و زیاتر توشی منداڵان دەبێت

فۆتۆ: 
2020-07-09

6740 جار خوێندراوەتەوە

لە سوریا نەخۆشیەک بڵاوبووەتەوە کە زیاتر توشی منداڵان دەبێت و بە نەخۆشیی لیشمانیا ناسراوە، نەخۆشیەکە دەبێتە هۆی چاڵبوونی پێستی مرۆڤ.

نەخۆشیەکە لەناو کەمپێکی ئاوارەکانی ئیدلیب بڵاوبوەتەوە و بەشێک لە هاوڵاتیانیش دەڵێن، هیچ خزمەتگوزاریەکی تەندروست لە کەمپەکەدا نیه.

لە کەمپێکی  ئاوارەکانی ئیدلیب لە سوریا نەخۆشیەک بڵاوبۆتەوە کە بەزۆری بەرۆکی منداڵانی گرتوە، بە نەخۆشیەکە دەڵێن لیشمانیا، ئەوەش نەخۆشیەکی گوازراوەیە و دەبێتە هۆی چاڵبون و خواردنى پێستى مرۆڤ، کە بەهۆی نەبوونی مەرجەکانی تەندروستی، له ئێستادا ئەو نەخۆشیە مەترسی هەیە پەرەبسێنێت و لە کۆنترۆڵ دەربچێت.

ئەو هاوڵاتییە مەدەنییانەی لە ئاکامى شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتە هەڵاتون و لە کەمپی ئاوارەکانی شاری ئیدلب دەمێننەوە، بەهۆی گوزەرانیان و نەبونی ژینگەیەکی تەندروست دووچاری مەترسیی نەخۆشی لیشمانیا بوون.

محەمەد ئیبراهیم هاوڵاتیەکی سوریە و دانیشتوی ئەو کەمپەیە باس لەوە دەکات: حەوت ئەندامی خێزانەکەی تووشی نەخۆشیەکە بون و هەوڵیاندا چەند رێگایەکی سروشتیی بەکاربهێنن، بەڵام سوودی نەبوو.

ئەو هاوڵاتیە دەڵێت: هیچ خزمەتگوزاریەکی تەندروست لە کەمپەکەدا نیه کە زیاتر له ساڵێکدا تێیدا دەژین و ئەم نەخۆشیەش بە خێرایی بڵاودەبێتەوە.

لە بارەی نەخۆشیەکەشەوە عەدنان قەدوور بەرپرسی کەمپی شام ئەلخەیر، دەڵێت، نزیکەی ٤٢٥ خێزان لە کەمپەکەدا دەژین و نەخۆشی لیشمانیا لەناو ١٢٠ خێزاندا بڵاوبووەتەوە، کە بەهۆی نەبوونی دەرمان و کۆبوونەوەی ئاوی پیسەوە نەخۆشییەکە لە پەرەسەندندایە و رۆژانە ژمارەی توشبووان زیاتر دەبێت.

لیشمانیا، نەخۆشییەکی گوازراوەی پێستە و بەهۆی پێوەدانی مێشوولەیەکی بچووکەوە دروست دەبێت، کە مێشولەیەکی ڕەنگ زەردە بە تایبەت لە شەودا چالاک دەبێت.

ئەم مێشوولەیە بە مێشوولەی خاک ناسراوە و تووشی مرۆڤ دەبێت بە تایبەت منداڵان و بە پێوەدانى دەبێتە هۆی چاڵبون و تێکدانى ڕوخساری کەسەکە.