سەردێڕ:

رێککەوتنی ٢٥ ساڵەی ئێران و چین کاردانەوەی لێکەوتەوە

فۆتۆ: 
2020-07-08

15821 جار خوێندراوەتەوە

ڕەشنووسی ڕێککەوتنی ٢٥ ساڵەی هاوکارییە فرەلایەنەکانی تاران و پەکین لە لایەن حکومەتی ئێرانەوە پەسەندکرا.

ڕێککەوتنێک کە لە نێوان ناپاکی و دەستکەوتی مەزن پێناسە و خوێندنەوەی دژبەیەکی بۆ دەکرێت.

رێککەوتنەکە بوارەکانی ئابوری، سیاسی و سەربازی دەگرێتەوە و ڕەشنووسەکەی لەلایەن کابینەی حەسەن رۆحانیەوە پەسەند کراوە و عەلی خامنەیی ڕابەری باڵای ئەو وڵاتەش بە هەنگاوێکی حەکیمانە ناوی بردووە.

سەرباری ئەوەی محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، ڕێککەوتنەکە هیچ شتێکی شاراوەی تێدا نییە، بەڵام تا ئێستا حکومەتی ئێران بە فەرمی ناوەڕۆکەکەی ئاشکرا نەکردووە و هەر ئەوەش گومانی زۆری لە بارەی ئەو ڕێککەوتنە درێژخایەنەوە هێناوەتە ئاراوە.

ساڵێک بەر لە ئێستا ماڵپەڕی پترلیۆم ئیکۆنۆمیست بە پشت بەستن بە چەند سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوتی ئێران ناوەرۆکی ئەو رێککەوتنەی تاران و پەکینی بڵاوکردبووەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەو ماڵپەڕە، لە ڕێککەوتنەکەدا هاتووە، چین بە بڕی ٢٨٠ ملیار دۆلار لە کەرتی نەوت و غازی ئێران و بە بڕی ١٢٠ ملیار دۆلار لە کەرتی گواستنەوەی ئەو وڵاتە وەبەرهێنان دەکات.

ئەوەشخراوەتەڕوو، لەبەرامبەردا ئێران بە بڕی لەسەدا ٣٢ لە فرۆشتنی نەوت و غاز و بەروبوومەکانی بەچین داشکاندن دەکات و لە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و پەرەپێدانیش کۆمپانیا چینیەکان لەپێستر دەبن.

هەر بە گوێرەی ڕێککەوتنەکە چین دەتوانێت پێنج هەزار هێزی سەربازی خۆی لە دوورگە و کەناراوەکانی باشوری ئێران جێگیر بکات.

لەپای ئەم ئاسانکارییانە، ئێران هیواخوازە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانە سیاسیەکەی توندوتۆڵتر بکات، بەتایبەتی کە چین یەکێکە لە لایەنەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی و مافی ڤیتۆی لە ئەنجومەنی ئاسایش هەیە، هەروەها سەرباری گەمارۆکانی ئەمریکا بەردەوام بێت لە پەرەپێدان بە کێڵگەکانی نەوت و غاز و هەناردەی نەوتەکەشی زیاد بکات.

ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکە دوای پەسەندکردنی لەلایەن حکومەتەوە پێویستە ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت، بەهۆی ئەوەی لایەنگرانی خامنەیی لە پەرلەماندا زۆرینەن و ناوبراویش پشتیوانی لەو هەنگاوە کردووە، پێناچێت هیچ بەربەستێک لەبەردەم تێپەڕاندنی بێتە ئاراوە.

سەرەڕای داکۆکی بەرپرسانی باڵای ئێران لەو ڕێککەوتنە، بەڵام کەم نین ئەوانەی دژی وەستاونەتەوە.

مەحمود ئەحمەدی نەژاد سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران رایگەیاندووە، هەر جۆرە گرێبەست و ڕێککەوتنێک کە بە شاراوەیی و بە بێ لەبەرچاوگرتنی ویست و بەرژەوەندی خەڵک لەگەڵ وڵاتێکی بیانی واژۆ بکرێت، هیچ بەهایەکی نییە و گەل بە فەرمی نایناسێت و دانی پێدانانێت.

هەرچی ڕەزا پەهلەوی کوڕی دوایین پادشای ئێرانیشە رێککەوتنەکە بە پەڵەیەکی رەش و ناپاکیەکی ئاشکرا ناوبردووە و رایگەیاندووە، ئەو رێککەوتنە دەبێتە هۆی تاڵانکردنی سامانی وڵاتەکە و هاتنەناوەوەی سوپای بێگانە بۆ ناو وڵاتەکە و داوای کردووە هەمووان دژی بوەستنەوە.

بەشێکی زۆر لە چالاکوانانی ئێرانی و تەنانەت وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش رێککەوتنەکەیان بە ڕێککەوتنی "تورکمانچای" نێوان پادشاکانی قاجار و روسیا ناوبردووە لە سەدەی ١٩دا کە بووە هۆی ئەوەی ئێران ناوچەکانی قەوقاز، ئازەربایجان، ئەرمینیا و جۆرجیا لەدەست بدات.