سەردێڕ:

چوار رۆژە گەنجێک لە رووباری سیرواندا خنکاوە و تەرمەکەی دیار نییە

فۆتۆ: 
2020-07-08

14557 جار خوێندراوەتەوە

ماوەی چوار ڕۆژە گەنجێکی وەرزشکاری ناحیەی پێباز لە قەزای کەلار، لە ڕووباری سیرواندا خنکاوە، بەڵام تەرمەکەی دیار نییە.

لە ساتی خنکانی ئەو گەنجەوە، تیمەکانی بەرگری شارستانی گەرمیان و سلێمانی بە بەلەم و فڕۆکە و تیمی ژێر ئاوەوە هاوکاری هاوڵاتیان دەکەن، بەڵام هێشتا تەرمی خنکاوی ئەو گەنجە نەدۆزراوەتەوە.

برایەکی کەیوان، چوار ڕۆژە چاوی لەسەر شەپۆلەکانی ئاوی ڕووباری سیروانە، تا تەرمی برا خنکاوەکەی بێننە سەرەوە.

لەژێر تیشکی هەتاوی سوتێنەر و گەرمای ٤٨ پلەی سەدیدا، گوێی بۆ دەنگێک ڕادێراوە هەواڵی دۆزینەوەی تەرمی براکەی پێ بدەن و چاوەڕوانی کۆتایی بێ، بەڵام نە ڕەنگێک هەیە و نە دەنگێک.

کەیوان عەلی گەنجێکی ۲۷ ساڵی وەرزشکاری دانیشتووی ناحیەی پێبازە لە قەزای کەلار، ڕۆژی یەک شەممە لەکاتی مەلەوانیدا لە ڕووباری سیرواندا خنکا.

لە ساتی خنکانی ئەم گەنجەوە، دانیشتووانی ناحیەی پێباز و ژمارەیەک مەلەوانی کەلار لە هەوڵی دۆزینەوەی تەرمەکەیدان، تیمەکانی بەرگری شارستانی گەرمیان و سلێمانی بە بەلەم و فڕۆکە و تیمی ژێر ئاوەوە هاوکاریانن، بەڵام هێشتا تەرمی خنکاوی ئەو گەنجە نەدۆزراوەتەوە.

ساڵانە ژمارەیەک هاوڵاتی کە زۆرینەیان گەنجن، لە ڕووباری سیروان و جۆگەکانیدا دەخنکێن، بەهۆی پەرش و بڵاوی و زۆری لق و گۆمەکانی سەر ڕووبارەکەشەوە، زۆر جار دۆزینەوەی تەرمی خنکاوەکان کاتی زۆری بردووە، کەیوان یەکەم هاوڵاتییە لە سنووری قەزای کەلار کە ئەمساڵ لە ڕووباری سیرواندا خنکا بێ.