سەردێڕ:

بۆ یەکەمجار نهێنییەکی ژیانی ترەمپ ئاشکراکرا

فۆتۆ: 
2020-07-08

12626 جار خوێندراوەتەوە

ماری ترەمپی برازای سەرۆکی ئەمریکا کتێبێکی لەژێر ناوی "زۆر و هەرگیز تەواونەبوو: چۆن خێزانەکەم ترسناکترین پیاوی جیهانیان دروستکرد" بڵاوکردووەتەوە و تێیدا، نهێنییەکی ژیانی مامی ئاشکراکردووە.

لە کتێبەکەیدا، ماری ترەمپ، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا وەکو ترسناکترین پیاوی جیهان پێناسە دەکات.

دەشڵێت، "باوکی ترەمپ،(کە دەکاتە باپیری ماری) کەسایەتییەکی زۆر توندی هەبووە و مامەڵەی لەگەڵ منداڵەکانیدا تەندروست نەبووە و هەر ئەوەش بووەتە هۆی سەیر رەفتارکردنی ئێستای سەرۆکی ئەمریکا."

هەر لە کتێبەکەدا هاتووە، کە دۆناڵد ترەمپی مامی، ژیانی باوکی وێرانکردووە، بەڵام چیتر لە بەرامبەر وێرانکردنی وڵاتەکەیدا بێدەنگ نابێت.

ماری کچی فرێد ترەمپ برا گەورەی دۆناڵد ترەمپە کە بەهۆی ئاڵودەبوونی بە ئەلکهۆل و نەخۆشییەکانی دڵەوە لە ساڵی ١٩٨١دا گیانیلەدەستداوە.

لەلایەکی دیکەوە، ئەمڕۆ سارا ماسیو، وتەبێژی کۆشکی سپی جگە لە ناوبردنی کتێبەکە بە "کتێبێکی پڕ لە درۆ" رایگەیاند، کە ئامانجی بڵاوکردنەوەی ئەو کتێبە لە ئێستادا روونە و بۆ بەدەستهێنانی سوودی ماددیە.

راشیگەیاند، کە سەرۆکی وڵاتەکەی لەبارەی کتێبەکەوە وتویەتی، کتێبێکی پڕ لە درۆیە و باوکی کەسێکی باش بووە و هەرگیز بە خراپی مامەڵەی لەگەڵدا نەکردووە.

لە ماوەی رابردووشدا، جۆن بۆڵتن، راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا کتێبێکی بەناوی "ئەو ژوورەی تێیدا روویدا" نووسی و تێیدا، چەندین نهێنی لەبارەی دۆناڵد ترەمپەوە خستەڕوو.