سەردێڕ:

حکومەتى هەرێم چەند بڕیارێکى دەرکرد

فۆتۆ: 
2020-07-08

86862 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتی هەرێم کۆبوەوە و لە کۆبوونەوەکەدا وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و شارەوانی و دادی بۆ پەلەکردن لە ڕاییکردنی قەرەبووی ئەو جوتیارانەی کە خاوەنی گرێبەستی کشتوکاڵین، ڕاسپێردران.

حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت لە رێگەی ڤیدیۆکۆنفرانسەوە کۆبووەوە و دواتر لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، بەمەبەستی بە ئەلیکترۆنیکردنی دامودەزگاکانی حکومەت، دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی سیستەمی بایۆمەتری پەسەندکردووە.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و شارەوانی و گەشتوگوزار و دادی ڕاسپارد بۆ پەلەکردن لە ڕاییکردنی قەرەبووی ئەو جوتیارانەی، کە خاوەنی گرێبەستی کشتوکاڵین و مافی یاسایی قەرەبووکردنەوەیان لە لایەن وەزارەتی کشتوکاڵەوە پشتڕاستکراوەتەوە لە بەر ڕۆشنایی یاسا کارپێکراوەکان.

لە کۆبوونەوەکەی حکومەتدا، وەزیری کشتوکاڵ سێ ڕاپۆرتی پێشکەش کرد لەسەر چۆنێتی بەڕێوەبردنی کشتوکاڵی ناوخۆیی و زیادەڕەویی لەسەر زەویە کشتوکاڵیەکان و ڕاسپاردەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ لە کۆبوونەوەکەدا پەسەند کران.

سەرەتای ساڵی ٢٠١٧ حکومەتی هەرێم قۆناغی یەکەمی بایۆمەتری دەستپێکرد کە بە پێی داتاکانی سیستمی بایۆمەتری یەک ملیۆن و ٢٥١ هەزار موچەخۆری حکومی هەن، بەپیی زانیاریەکانیش، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ١٠٦ هەزار کەس زیاتر لە مووچەیەک وەردەگرن.