سەردێڕ:

لە بەریتانیا داشکاندنی ٥٠% بۆ ئەو کەسانەی لە دەرەوە نان دەخۆن دەکرێت

فۆتۆ: 
2020-07-08

4992 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دارایی بەریتانیا رایگەیاند، لە سەروبەندی مانگی داهاتوودا، هەر هاوڵاتییەکی وڵاتەکەی بچێتە دەرەوە بۆ نانخواردن، ئەوا بە رێژەی ٥٠% داشکاندنی بۆ دەکرێت.

ماڵپەڕی بی بی سی بڵاویکردەوە، ریشی سوناک، وەزیری دارایی و گەنجینەی نیشتیمانی بەریتانیا لەژێر ناوی "بۆ هاوکاری دەرەوە، لە دەرەوە نان بخۆ" پرۆژەیەکی بۆ دووبارە گەڕاندنەوەی ژیان و ئاساییکردنەوەی ڕێکارەکانی تایبەت بە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا راگەیاندووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە پرۆژەکەی حکومەتی بەریتانیادا هاتووە، لە مانگی ئابدا و لە رۆژەکانی دووشەممە بۆ چوارشەممەی هەر هەفتەیەکدا، هەر هاوڵاتیەک لە رێستۆرانتەکاندا نان بخوات، ئەوا تاوەکو ١٠ پاوەند (نزیکەی ١٥ هەزار دیناری عێراقی) داشکاندنی بۆ دەکرێت و ئەوەش، ٥٠%ی کۆی ئەو بڕەیە کە هەر تاکێکی ئەو وڵاتە بۆ ژەمێکی تەواو لە دەرەوە پێویستییەتی.

هاوکات، هەرکەسێکیش گەشتبکات لە ناوخۆی بەریتانیادا، ئەوا ٥% داشکاندنی لە پێداویستییەکانیدا بۆ دەکرێت و ئەوەش تاوەکو شەش مانگی داهاتوو بەردەوامدەبێت.

لەوبارەیەوە، وەزیری دارایی بەریتانیا باسی لەوەکردووە، کە ئامانجی پرۆژەکەیان بریتییە لە هاندانی هاوڵاتیان بۆ گەڕانەوەیان بۆ دەرەوەی ماڵەکانیان و سەردانیکردنی کافێ و رێستۆرانت و شوێنە گشتییەکان.

بەریتانیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە بە چڕی ڤایرۆسی کۆرۆنای تێدا بڵاوبووەتەوە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٢٨٦ هەزار کەس تووشبوون و لەو ژمارەیەش، زیاتر لە ٤٤ هەزاریان گیانیان لەدەستداوە.

بەشێک لە زانایانی ڤایرۆسناسی ئاماژە بەوەدەکەن، کە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، هەروەکو ڤایرۆسەکانی دیکە، دەبێتە ڤایرۆسێکی وەرزی و چاوەڕێن بەشی زۆری جیهان توشببن و لەو رێگەیەوە بەرگری گشتیی دروستببێت و چیتر ئەو ترس و تۆقینەی لەبارەی ڤایرۆسەکەوە هەیە، نەمێنێت.