سەردێڕ:

لەسەر بەخشینى دوورگەیەک بە ئەمیرى قەتەر سەرۆکى وڵاتێک دادگایى دەکرێت

فۆتۆ: 
2020-07-08

16076 جار خوێندراوەتەوە

لەسەر بەخشینى دوورگەیەکى وڵاتەکەى بەئەمیرى پێشووى قەتەر، سەرۆکى پێشووى مۆریتانیا رووبەڕووى دادگاییکردن دەبێتەوە.

دادگاییکردنى سەرۆکى پێشووى مۆریتانیا پاش ئەوە دەێت کە لیژنەیەکى پەرلەمانى ئەو وڵاتە دۆسیەى بەخشینى یەکێک لەدوورگەکانى وڵاتەکەى وەک دیارى بە ئەمیرى پێشووى قەتەر کردەوەو لەو چوارچێوەیەشدا سەرۆک و بەشێک لەبەرپرسانى پەیوەندیدار بەو بابەتە بانگهێشتى پەرلەمان کران بەمەبەستى لێپرسینەوە.

لەنێو ئەو بەرپرسانەى کە بانگهێشتى پەرلەمان کراون، وەزیرى پێشووى دادى ئەو وڵاتە (ئیبراهیم ولد عەبدولڵا ولد دادا)هەیە، کە بەسیفەتى راوێژکارى سەرۆک کۆمار و بەرپرسى دۆسیەى پەیوەندیەکانى مۆریتانیا و قەتەر بانگهێشتکراوە.

بەپێى چەند سەرچاوەیەکى مۆریتانى، لیژنە پەرلەمانیەکە دۆکیومێنتێکى نهێنیان لەبەردەستدایە کە بریتیە لەنامەیەکى باڵیۆزى قەتەر لەنواکشۆت و رۆژى 12/1/2012 ئاڕاستەى وەزارەتى دەرەوەى وڵاتەکەى کردووە، تیایدا باسى لەوە کردوە کە سەرۆکى مۆریتانیا بڕیارى داوە یەکێک لەدورگە جوانەکانى کەنارى زەریاى ئەتڵەسى و نزیک لە ناوچەى ئارگینى گەشتوگوزارى ئەو وڵاتە وەک دیارى دەبەخشێتە ئەمیرى قەتەر تا چۆن دەیەوێت بەو شێوەیە بەکارى بهێنێت.

بەگوێرەى زانیارى راگەیاندنەکانى ئەو وڵاتە، بابەتى بەخشینى دوورگەیەک بەئەمیرى قەتەر یەکێک لە ترسناکترین ئەو دۆسیەیانەیە کە لەبەردەستى لیژنە پەرلەمانیەکەدایە و پەرلەمانتارانى ئۆپۆزسیۆنى ئەو وڵاتەش ئاماژەیان بەوەداوە کە تەنها ئەو دۆسیەیە بەسە بۆ ئەوەى تۆمەتى خیانەتى مەزن بدرێتە پاڵ سەرۆکى پێشوو.

مۆریتانیا یەکێکە لەو وڵاتە عەرەبییانەى کە دەکەوێتە ئەو پەڕى رۆژئاواى کیشوەرى ئەفریقیاوەو لەسەر زەریاى ئەتڵەسییەو بەیەکێک لەو وڵاتانە دادەنرێت کە دۆخى ئابوورى خراپ و ناجێگیرە.