سەردێڕ:

پۆلیسی کرماشان: منداڵێکی پێنج ساڵان لەلایەن زڕدایکییەوە کوژرا

فۆتۆ: 
2020-07-08

35342 جار خوێندراوەتەوە

جێگری کاروباری کۆمەڵایەتی پۆلیسی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، زڕدایکێکیان بە تۆمەتی کوشتنی منداڵە تەمەن پێنج ساڵانەکەی هاوسەرەکەی دەستگیرکردووە.

محەمەد رەزا ئامویی باسی لەوەکردووە، دوابەدوای ئاگاداربونیان لە کوژرانی منداڵێکی تەمەن پێنج ساڵان بە ناوی ژیار لە گوندێکی سەر بە شاری جوانڕۆ وتەی کەسوکارەکەیان وەرگرتووە و دوای ئەوەی گومانیان لە وتەکانی زڕدایکەکەی لەلا دروست بووە لێکۆڵینەوەی زیاتریان لەگەڵدا کردووە.

باسی لەوەشکرد، ئەو ژنە تەمەن ٣١ ساڵە کە ماوەی نزیکەی ساڵێکە هاوسەرگیری لەگەڵ باوکی ژیار کردووە، دانی بەوەدا ناوە کە بوونی ئەو منداڵەی بە بەربەستێک لە بەردەم خۆشەویستی هاوسەرەکەی بینیوە.

پۆلسی دەڵێت، ژنەکە دانی بەوەشداناوە، کە منداڵەکەی بردۆتە باخێک و سەرەتا دەستی خستوەتە سەر دەمی و بێهۆشی کردووە و دواتر دەماری دەستی بڕیوە و لە باخەکەدا بە برینداری جێیهێشتووە و دوای چەند کاتژمێرێک گەڕاوەتەوە و بۆ شاردنەوەی کارەکەی، تەرمی منداڵەکەی لە بەرزاییەکەوە هەڵداوەتەخوارەوە.

بەپێی زانیاری میدکانی ئێران، دایکی راستەقینەی ئەو منداڵە پێش چەند ساڵێک خۆی کوشتووە، دوای ئەوەی باوکیشی هاوسەرگیری کردووەتەوە، منداڵەکەش لەلای ماڵی باپیری ژیابوو، ماوەیەک پێشتریش باوکی هێنابوویەوە ماڵەکەی بۆ ئەوەی لای خۆیان بمێنێتەوە و لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا لەلایەن باوەژنەکەیەوە کوژراوە.