سەردێڕ:

کازمی گۆڕانکاریی لە چەند پۆستێکی ئەمنی عێراقدا کرد

فۆتۆ: 
2020-07-08

9294 جار خوێندراوەتەوە

 وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند، لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانکارییانەی کە مستەفا کازمی لە دامەزراوە سەربازیی و ئەمنییەکاندا ئەنجامیدەدات، بەڕێوەبەری هەواڵگریی سەربازیی و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی زیقار، لە پۆستەکانیان لادراون.

وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند، لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانکارییانەی مستەفا کازمی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکوەزیران لە دامەزراوە سەربازیی و ئەمنییەکاندا ئەنجامیدەدات زنجیرەیەک گۆڕانکاری گرنگ لە بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگریی سەربازی کراوە کە لە میانیدا ژمارەیەک فەرماندەی باڵای سەربازیی لە پۆستەکانیان لادراون، کە لە دوایینیشیاندا، سەعد عەلاق بەڕێوەبەری هەواڵگریی سەربازیی و جەمیل شەممەری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی زیقار، لە پۆستەکانیان لادراون".

شارەزایانی ئەمنی لە عێراق ئاماژە بەوەدەکەن، ئەو گۆڕانکارییانەی کە سەرۆکوەزیران ئەنجامیدەدات، ئامانج لێی ئەوەیە ئەو دامەزراوانە نەکەونە ژێر کاریگەریی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران.

لای خۆیەوە، عەمید یەحیا رەسول وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاویکردەوە، کە جەمیل شەممەری دوای لادانی لە پۆستی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی زیقار گواستراوەتەوە بۆ بەشی فەرماندەیی یەدەگ لە وەزارەتی بەرگریی و سەعد عەلاق دوای لادانی لە پۆستی بەڕێوەبەری هەواڵگریی سەربازیی کراوە بە سەرۆکی زانکۆی بەرگریی.

راشیگەیاندووە، هەر لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە نوێیەکەدا، فائز مەعموری کراوە بە بەڕێوەبەری هەواڵگریی سەربازیی و حەمد جبوری بۆ بەڕێوەبردنی بەڕێوەرایەتی بەڵگەنامەکانی سەربازیی دەستنیشانکراوە.

لەلایەکی دیکەوە، هەر ئەمڕۆ مستەفا كازمی بەپێی فەرمانێک، مستەفا هیتی سەرۆكی سندوقی بنیانتانەوەی شارە كۆنترۆڵكراوەكانی لە پۆستەكەی لادا و لە شوێنی ئەو محەمەد هاشم عانی دەستنیشانكرد.

مستەفا كازمی كە لە ٧ی ئایارەوە بووە بە سەرۆكوەزیرانی عێراق، تا ئێستا چەندین گۆڕانكاری لە پۆستە ئیداریی، ئەمنیی و سەربازییەكاندا كردووە.